بافڵ تاڵەبانی: هاوپەیمانیی کوردستان بۆ یەکڕیزی و یەکخستنی گەلی کوردە

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ئامانج لە دروستکردنی هاوپەیمانیی کوردستان پاراستنی مافەکانمان و دابینکردنی داهاتوویەکی ڕووناکترە بۆ هەرێم.

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی ڕێککەوتنی حزبەکەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، ” من وەک کوڕی سەرۆک مام جەلال و هاوسەرۆکی یەکێتی، هەموو پشتگیرییەکی خۆم بۆ هاوپەیمانیی کوردستان دووپات دەکەمەوە”.

هاوسەرۆکی یەکێتی ڕاشیگەیاندووە، ” شەبەنگی ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ یەکڕیزی و یەکخستنی گەلی کورد و دەنگێکی یەکگرتووە، مەبەست لە هاوپەیمانیی کوردستانی بۆ زیاتر مەزنکردنی گەلەکەمان، پاراستنی مافەکانمان و دابینکردنی داهاتوویەکی ڕووناکترە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقێکی باشتر بۆ هەمووان”.

بافڵ تاڵەبانی هەر لەبارەی هاوپەیمانیی کوردستانەوە ئاماژەی بەوەشکردووە، ” یەکڕیزیمان یەکێکە لە ئامانجە ڕوونەکانمان و هەمیشە نەتەوەی کورد تەنها بە یەکڕیزی توانیوییەتی رووبەڕووی دژوارترین دۆخەکان ببێتەوە و تێیبپەڕێنێت”.

ئەمڕۆ 20ی حوزەیران، بە ئامادەبوونی هاوسەرۆکانی یەکێتی و ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی بە فەرمی هاوپەیمانیی کوردستان لەنێوان ئەو دوو حزبەدا واژوو کرا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share