پەرلەمانتارێکی هەدەپە: مەحاڵە هەواڵگری ئاگاداری هێرشەكەی سەر بارەگای هەدەپە لە ئیزمیر نەبێت

سەرپیل کەمالبای پەرلەمانتاری هەدەپە، سەبارەت بە هێرشەکەی ڕۆژی پێنجشەممە بۆسەر بارەگای پارتەكەی لە ئیزمیر، ڕایگەیاند، ئامانجی هێرشەکە کۆمەڵکوژییەکی گەورە بوو، “زۆرێک لە هەڤاڵانمان بە ڕێکەوت لەو کۆمەڵکوژییە ڕزگاریان بوو”، دەشڵێت، ئەستەمە ئاسایش و هەواڵگری ئاگاداری ئەو ھێرشە نەبووبن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەوە، سەرپیل کەمالبای ڕایگەیاند، “ئامانجەکە کۆمەڵکوژییەکی گەورەبوو، چونکە ئەو ڕۆژە مەراسیمی ئیمزاکردنی کتێبێكی بەیاز ئوستون هەبوو، دەبوو بەر لە مەراسیمەکە هاوسەرۆک، من، بەڕێوەبەرانی شار و ناوچەکان لە بارەگای حزب کۆببووینایەتەوە، دواتر بەشداریمان لە مەراسیمەکەدا بکردایە”.

ئاماژەی بەوەکردووە لەگەڵ ئەوەی لە ئیزمیر، هاوشێوەی ئامەد، حكومەت چادری لەبەردەم بارەگای حزبەکەیان داناوە، کە بەبەردەوامی پۆلیس و ئێشکگر ئامادەن، دەرگاکانی بارەگای هەدەپە بە بەردەوامی کراوەن، بەڵام هێرشبەرەکە بەناو پۆلیسەکاندا چووەتە ناو بارەگاکە و دەنیز پۆیرازی کوشتووە.

ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە دەشڵێت، هێرشبەرەکە دوای کوشتنی دەنیز، 25 خولەک ماوەتەوە و هەوڵیداوە کەسانی دیکەش بکوژێت، دەڵێت، “زۆرێک لە هەڤاڵانمان بە ڕێککەوت لەو کۆمەڵکوژییە ڕزگاریان بووە”.

پەرلەمانتارەکەی هەدەپە ئاشكراشیكردووە، لەکاتی ڕوودانی هێرشەکەدا لەناو بارەگای هەدەپەدا، پۆلیس لە بەردەم بارەگاکەدا بوون و دەیانزانی هێرش کراوەتە سەر بارەگای هەدەپە و لە نهۆمی دووەمدا هێرش هەیە، بەڵام سەرباری ئەوەش نەچوونەتە سەرەوە و هیچیان نەكردووە بۆ ڕێگرتن لە هێرشەکە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی کەمالبای، لەکاتێکدا عەبدولقادر بویدور هاوسەرۆکی هەدەپە لە ئیزمیر لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی حزبەکە دەگەڕێتەوە، پۆلیس ڕێگرییان لێدەکەن بچنە ناو بارەگاکە و پێیان ڕادەگەیەنن، لەناو بارەگاکەدا هێرش هەیە.

پەرلەمانتارەكەی هەدەپە بە گومانیشەوە دەڵێت، “پۆلیس لە هەر چالاکییەکی ڕێکخستنی ناوشاری هەدەپە، پێش هەر لێدوان و کۆنفرانسێک، بەدوای هاوسەرۆکدا دەگەڕێت، بەڵام ئەو ڕۆژە سەرباری چالاکیی ئیمزاکردنی کتێب، هیچ پەیوەندییەکیان بە هاوسەرۆکەوە نەکردووە”.

هەر بە گومانەوە باس لەوە دەكات، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش زۆر نزیکە لە بارەگاکەیانەوە، بەڵام دوای 25 خولەک لە هێرشەکە دەستێوەردانیان نەبووە، دواتریش زۆر بە نەرمونیانی مامەڵەیان لەگەڵ هێرشبەرەکەدا کردووە و دەڵێت، “وەک ئەوەی لە لۆکەدا بیپێچنەوە مامەڵەیان لەگەڵ کرد”.

کەمالبای بە مەحاڵیشی زانی هەواڵگری و ئاسایش ئاگاداری ئەو هێرشە نەبن و دەڵێت، “ئەم پرۆسەیە و ئەمجۆرە هێرشانە لە کۆمەڵکوژییەکەى پرسوسەوە دەستیپێکردووە”.

کەمالبای ناسنامەی هێرشبەرەکە باسدەکات و دەڵێت، هێرشبەرەکان لە سوریا ڕاهێنان و پەروەردەی چەکدارییان لەلایەن ئەو “چەتانەوە” بینیوە، کە تورکیا هاوکارییان دەکات، دەیانەوێت قەیران و ئاڵۆزییەکی وەک ئەوەی دوای هەڵبژاردنی 7ی حوزەیران دروست بکەنەوە.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی تەندروستی لەسەر گرفتەكانی نەخۆشخانەی هیوا ڕوونكردنەوە دەدات

بابەتی دواتر

لە پێشیانەوە دۆخی ئابورییە.. 5 ئاڵنگاری لەبەردەم ئیبراهیم ڕەئیسیدا هەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share