هاوسەرۆکانی یەكێتی: هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بۆ کورد پرۆسەیەکی چارەنوسسازە

هاوسەرۆكان و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی

هاوسەرۆكانی یەكێتی ڕایدەگەیەنن، یەکێتی بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئارامیی هەرێمی کوردستان و پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی باجی زۆریداوە و دەشڵێن، “هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بۆ کورد پرۆسەیەکی چارەنوسسازە”.

بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایانگەیاند، یەکێتی بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان باجی زۆریداوە ئەوەش لە پێناو خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و گۆڕینی سیستمی سیاسی و ئەدای حکومڕانی کە لە ئاست خواست و داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بێت.

هەروەك بە بەبایەخەوە باسیان لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان کرد و ڕایانگەیاند، سیاسەت و بەرنامەی یەکێتی گرنگیدانە بە هاونیشتمانییان لەو ناوچانە و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی داعش و گەڕاندنەوەی ئارامی بە تایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی تێدا دروستبووە. ئاماژەشیان بۆئەوەکرد دوای کۆنگرە، یەکێتی بە پەیوەندییەکانیدا چووەتەوە و ئێستا پەیوەندییەکی دۆستانە و بەهێزی هەیە لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان و توانراوە لە ڕێگەی دیدار و سەردانەکانەوە پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنەکان ڕێکبخاتەوە. لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانیش بە شیعە و سوننەوە توانراوە باڵانسی هێز بگەڕێندرێتەوە و ئەو پەیوەندییانە بەهێز بکرێتەوە کە بناغەکەی سەرۆک مام جەلال دایڕشتبوو، جەختیشیان کردەوە کە ئێستا یەکێتیی بە سەنگ و قورساییەکی بەهێزەوە گەڕاوەتەوە بەغداد و بەشدارە لە داڕشتنی نەخشەی سیاسی، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی-دا ئاماژەی پێدراوە.

ئەو وتانەی هاوسەرۆكانی یەكێتی ئەمڕۆ لە هۆڵی تەلاری هونەر لە سلێمانی لەمیانەی كۆبوونەوەیاندا بوو لەگەڵ مەکتەبی ڕێکخستن و سەرجەم لێپرسراو و ئەنجومەن و ئەندامانی مەڵبەندەکانی حزبەكەیان.

بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی دوپاتیشیانکردەوە، “هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بۆ کورد پرۆسەیەکی چارەنوسسازە” و بۆ بەهێزیی پێگەی کورد لە بەغداد و گەڕاندنەوەی باڵانسی هێز و بەدەستهێنانی تەواوی مافەکان لە ڕێگەی خەباتی پەرلەمانییەوە، پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بە یەکڕیزی بچنە بەغداد، لەو ڕووەشەوە ئاماژەیان بۆ پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانی کوردستان لە نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان کرد بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، داواشیان کرد “هەموو لایەنە کوردستانییەکان بێنە ژێر چەتری ئەو لیستە بۆ ئەوەی کورد بە زۆرترین ژمارەی کورسی و بە یەکدەنگی لە بەغداد خەبات بکات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکان”.

هاوسەرۆکان جەختیانکردەوە کە بەستن و سەرکەوتنی کۆنگرەی چوارەم وەرچەرخانێکی گەورە بوو، مژدەی نوێبوونەوە و سەرکەوتن بوو لە ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی یەکێتییدا، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) پۆرتوگال لە کۆتا ساتەکاندا هەنگاریای کوتا بەزەویدا

بابەتی دواتر

ئەندامێكی شاندی هەرێم: بەردەوام دەبین لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی یاسای بودجە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کەشناسی: پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە

کەشناسیی هەرێمی کوردستان کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە، بەپێی پێشبینییەکان پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە. کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ…
Total
0
Share