سەردانی شاندە هاوبەشەكەی هەرێم و عێراق بۆ ناوچە سنوورییەکان دواخرا بۆ سبەی

بڕیاربوو ئەمڕۆ لیژنەیەکی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لەسەر بەردەوامی ئاڵۆزییەكانی نێوان سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و هێرشەكەی سەرهێزەكانی زێرەڤانی لە چیای مەتین سەردانی ناوچە سنوورییەكان بکەن، بەڵام سەردانەكە بۆ سبەی سێشەممە دواخرا.

جەمال حەوێز، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “سبەی لیژنەكەی وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ بەهاوبەشی لەگەڵ لیژنەیەكی حەوت ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوبەشی سەردانی ناوچە سنورییەكان دەكەین”.

وتیشی،”لەسەر ئەو لەشكركێشییانەی سوپای توركیا ئەنجامیداوە، هەروەها بڕینەوەی دار و ئەو زەرەر و زیانانەی، بەرڕەز و باخی هاوڵاتیان كەوتووە لەو ناوچانە بەدواداچون دەكەین و ڕاپۆرتێكی هاوبەش ئامادە دەكەین، دواتریش ڕاپۆرتەكە دەدەینە پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی عێراق”.

جەمال حەوێز، ڕوینشیكردەوە سبەی دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگاری دهۆك بەمەیدانی دەچنە ئەو ناوچانە و خەڵكی مەدەنی دەبینن و ئەوەی پێبان بكرێت بۆ دەوڵەمەندكردنی ڕاپۆرتەكە دەیكەن.

ئەندامەكەی لیژنەی پێشمەرگە ڕاشیگەیاند، هێرشەکەی دوو ڕۆژی ڕابردووی سەر پێشمەرگە یەکێکە لە مەبەستەكانی سەردانی لیژنەکە، جگە لەوە، هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیا و سروشتی هەرێمی کوردستان، بڕینەوەی درەخت و چۆڵبوونی گوندەکان بەهۆی لەشکرکێشیی تورکیا، ئامانجی لیژنەکە دەبێت.

پێشتریش ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، كە بەهەمانشێوە ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەیە لە پەرلەمان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وتبوو، کاری لیژنەکە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونە بۆ چۆنێتیی ئەنجامدانی ئەو هێرشەی کرایە سەر پێشمەرگە، هەروەها ئەوانەی لەپشت ئەنجامدانی هێرشەکەوە بوون، “چونکە ئێمە تەنها ئەو زانیارییەمان لەبەردەستدایە کە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە پەکەکە هێرشەکەی ئەنجامداوە، لەکاتێکدا ئێمە وەکو پەرلەمان دەبێت خۆمان بەدواداچوون بکەین و ئەنجامەکان بێتەوە بەردەستمان”.

بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، مەبەستی لیژنەکە و ئامانجی سەردانەکەشی ڕێگریکردنە لە دووبارە دروستبوونەوەی شەڕی براکوژی و شەڕی کورد دژی کورد، هەروەها بەدواداچوونە بۆ پێشێلکارییەکانی تورکیا لەو ناوچانە.

سەبارەت بەوەی ئایا پەرلەمانی کوردستان گومانی لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە هەیە سەبارەت بەوەی هێرشەکە لەلایەن پەکەکەوە ئەنجامدراوە وتی، “پەرلەمان گومانی لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە نییە، چونکە ئەوان لایەنی پەیوەندیدارن، بەڵام لە هەموو ڕووداوێکی لەوشێوەیەدا پێویستە پەرلەمانی کوردستان خۆی لیژنەی هەبێت و بەدواداچوونی مەیدانی بۆ بکات”.

بابەتی پێشتر

دهۆك.. چوار ژن و گەنجێك بەتۆمەتی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی ئابڕوبەر دەستگیركران

بابەتی دواتر

سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژی خێزانە کوردەکەی بەغداد دەرچوو

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزیری نەوتی عێراق: لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنی نەوت رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان كراوە

وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، بەم نزیكانە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە و دەشڵێت، “لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنی نەوت رێككەوتن…
زیاتر ببینە

منداڵێک لە خنکان رزگارکرا

منداڵێکی تەمەن یەک ساڵ و چوار مانگ، دوای ئەوەی دەکەوێتە نێو حەوزێکی ئاو لە خنکان رزگاردەکرێت. بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی…
Total
0
Share