وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پارتی یەکەی 80ی خستووەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و هیوادارن یەکێتیش یەکەی 70 بخاتەسەر ئەو وەزارەتە.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی ناوخۆ و ئاسایشە خۆجێیەكان لەپەرلەمانی كوردستان لە کۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “نازانین ژمارەی پاسەوانان، لە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندە، چونکە یەکەی پاسەوانی زۆر جیاواز هەن و بەگوێرەی پەیڕەوی نوێ هەموویان دەکرێن بەیەک و ڕێکدەخرێنەوە.”
وتیشی، “داوا لەحزب و لایەنە سیاسییەكان دەكەم هاوكارییمان بكەن، لە بابەتی پاسەوانیدا، بۆ ئەوەی داهات بۆ خەزێنەی حكومەت بگەڕێنینەوە و كەلێنێكی پێبڕبكرێتەوە”.
ڕێبەر ئەحمەد باسیلەوەشكرد، “لەسەر یەکەی پاسەوانی لەگەڵ لیژنەکانی پەرلەماندا گفتوگۆیان کردووە و لەسەر ئەو بابەتە قسەی زۆرکراوە، ئیتر کاتی ئەوەیە لەسەر بابەتەکە کاربکرێت”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “داوا لە ئەو بەرپرسانە دەکەین، کە پاسەوانیان بۆ دانراوە لەگەڵ یاساکەدا خۆیان بگونجێن، تا داهات بۆ حکومەت بگەڕێتەوە”.
وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕاشیگەیاند، “لە یاسای خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشدا، بیرۆکەی جوانمان هەیە و هەوڵدەدەین ڕەچاوی ئەو توێژەبکەین، ناکرێت کەسێک لە کاتی کاردا موچەی ملیۆنێک دینار بێت، بەڵام لە کاتی خانەنشینیدا موچەکەی ببیت بە 200 هەزار دینار”.
سەبارەت بە هێرشەکەی سەر پێشمەرگەش دەڵێت، “ئەوە یەکلایی بووەتەوە ،کە پەکەکە هێرشی کردووەتەسەر پێشمەرگە و بەرپرسیاری ڕووداوەکەن، بە جۆرێکی لێهاتووە، کە ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرامە”.
هەر لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا، وەزیری ناوخۆی هەرێم، لەبارەی ڕێكخستنهوهی هێزهكانی پێشمهرگه ئاشكرایكرد،”مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەی 80ی خستووەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و هیوادارین یەکێتی یەکەی 70 بخەنەوه سەر وەزارەتی پێشمەرگە”.