وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕیاریانداوە 30 ڕۆژ جارێک موچە دابەشبکرێت، لەم هەفتەیەشدا دوو دۆسیەی تایبەت بە نەوت و داهاتی ناوخۆ ڕەوانەی بەغداد دەكەن.
جوتیار عادل لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ یەكشەممە ڕایگەیاند، دوای سەردانەکانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد، “ئەم هەفتەیە دوو دۆسیە دەنێردرێتە بەغداد، کە یەکێکیان پەیوەستە بە خەرجییەکانی نەوتی هەرێم، ئەوی دیكەشیان پەیوەستە بە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم.
وتیشی، “هیوادارین لە ئایندەیەکی نزیکدا کێشەکان چارەسەر بکرێت و بەغداد شایستە داراییەکانی هەرێم خەرج بکات”.
لەبارەی موچەی فەرمانبەرانەوە، وتەبێژی حکومەت ڕونیكردەوە، “ئێمە وەکو حکومەت بڕیارمانداوە، کە 30 ڕۆژ جارێک موچە بدرێت و گرفتی ئەم مانگەش، کە بووە هۆی دواکەوتنی موچە، حاڵەتێکی چاوەڕوانکراوە، هیواخوازین ئەم حاڵەتانە دووبارە نەبێتەوە”.
جوتیار عادل باسی لەوەشکرد، “ئەوەی داهاتە و لەبەردەستی حکومەتدا هەیە، هەمووی بۆ موچە تەرخاندەکرێت و ئەولەویەتی حکومەت موچەیە، بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا بدرێت، چونکە تەنانەت دۆخی بازاڕیش پەیوەستە بە دابەشکردنی موچەوە”.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەبارەی گرژییەكانی چیای مەتین وتی، “پەکەکە بووەتە هۆی شەهیدکردن و ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، نازانم بە چ حەقێک ئەو مافەی بەخۆی داوە ئەو دەستدرێژییە بکات و لە ڕێگەی دانانی بازگەی گومرگییەوە داهاتی خەڵک ببات، بۆیە دەبێت ئەو دۆخە کۆتایی پێبێت و هیواخوازین حکومەتی عێراق هەڵوێستێکی جددیتر لەو ڕوانگەیەوە بگرێتەبەر”.