لیژنهی كاروباری پێشمهرگهی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، چەندین ساڵە پەکەکە بەبیانوی شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بووەتە مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و لەلایەکی ترەوە بوونەتە هۆکاری چوڵبون و وێرانبوونی سەدان گوندی سنوری هەرێم.
لە ڕاگەیەندراوێكدا لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاندووە، ” ئەمڕۆ 9 پێشمەرگە کە لەهۆبەی ئەندازە بونەو کاریان هەڵگرتنەوە و پوچەڵکردنەوەی بۆمب بووە، لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی لە چیای مەتینی قەزای ئامێدی، بەمەبەستی پاراستنی خەڵک و گوندەکانی ئەم ناوچەیە و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ دەڤەرەکە، هێرشکراوەتەسەر ئۆتۆمبێلەکەیان لە جۆری باجیرۆ لەوکاتەی ویستویانە بەرەو ئەو بنکانە بڕۆن کە پێش چوار مانگ لەو ناوچەیە دانرابوون، بەڵام بەداخەوە کەوتونەتە بۆسەیەکی پەکەکە و پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و چواری دیکەش برینداربوون”.
ئاماژەبەوەشكراوە، وەک لیژنەی کاروباری پێشمەرگە ئەو هێرشە ئیدانە و شەرمەزاردەکەن و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدەکان دەکەن و داوای زو چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازن.
لەبەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، “چەندین ساڵە پەکەکە بەبیانووی شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بووەتە مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و چەندینجار ڕۆڵەی ئەم هەرێمەیان شەهید کردووە، لەلایەکی تر بونەتە هۆکاری چوڵبوون و وێرانبونی سەدان گوندی سنوری هەرێمی کوردستان”.
لیژنەی كاروباری پێشمەرگەی پەرلەمانی كوردستان، ڕاشیگەیاندووە، “جارێکی تر داوایان لێدەکەین، کە شەڕەکەیان ببەنە ناو خاکی تورکیا و نەبنە هۆکاری مەترسی بۆ سەر دەستکەوت و سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستان و دەبێ ڕێز لەسنوری هەرێم بگرن و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان نەخەنە مەترسییەوە.
داواش لە پەكەكە دەكەن، خوێنی کورد بەدەستی کورد نەڕێژرێت، و كێشەی توركیا و پەكەكە بە ئاشتییانە چارەسەر بكرێت لە ئەگەری چارەسەر نەبوون لەناو خاكی توركیا كێشەكە یەكلایی بكرێتەوە.