قائیمقامی چەمچەماڵ چەند پلانێك بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی قەزاكە ئاشكرادەكات

قائیمقامی چەمچەماڵ ڕایدەگەیەنێت، چەند پلانێك دەنێن بۆ كەمكردنەوەی كەمئاوی لەقەزاكەیان، ئەوانیش بەلێدانی 10 بیری ئیرتیوازی و هەروەها نۆژەنكردنەوەی 900 مەتر لە ئاوی سەرەكی چەمچەماڵ، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، لەڕابردوودا بڕی حەوت ملیار و 618 ملیۆن دینارە بۆ ڕاكێشانی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵ دابینكرابوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە، ئەو پارەیە بۆ موچەی موچەخۆران ڕاكێشرا.

بۆ بەدواداچوون و چارەسەری كێشەی ئاوی چەمچەماڵ و پرۆژەی ڕاكێشانی ئاوی گۆپتەپە، ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و وەفدیكی ئەنجومەنی پارێزگا سەردانی قەزای چەمچەماڵیان كرد.

لەوبارەیەوە ڕەمك ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە 25/ 5 ەوە بانگەوازیانكردووە، كە لایەنە حكومیەكان بەهانەی چەمەچەماڵەوەبێن، لە چارەسەركردنی كێشەی كەمئاویدا، ئەمڕۆش ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبەرگرنگی بابەتەكە، وەكو یەكەمین لایەنی حكومی هاتن بۆ چەمچەماڵ.

وتیشی،” ڕێككەوتین لەسەر دانانی سێ پلان بۆ ئەوەی بەشێك لەو كێشانە چارەسەربكرێن، ئەویش بۆ ئەمساڵ سلێمانی لە هێڵی دووی دوكان ئاومان بۆ زیاد بكات، بۆ ساڵی داهاتووش 10 بیری ئیرتوازی لە چەمچەماڵ لێبدرێت، لەگەڵ چاككردنی تۆڕەكانی ئاو و دابینكردنی هەندێك پێداویستی، هەروەها نوژەنكردنەوەی 900 مەتر ئاوی سەرەكی چەمچەماڵ”.

ڕونیشیكردەوە، “وەزارەتی شارەوانی بەفەرمی داوای لە ئەنجومەنی وەزیرانكردووە، بودجەی پێویست بۆ لێدانی 10 بیری ئیرتوازی و دروستكردنی خەزان خەرجبكات، تا ئەمساڵ جێبەجێ بكرێت”.

بەوتەی قائیمقامی چەمچەماڵ جێبەجێكردنی ئەو دووهەنگاوە لەسەدا 50ی كێشەی كەمئاوی چارەسەر دەكات، بەڵام چارەسەری بنەڕەتی و كۆنكرێتی جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵە.

“ساڵی ڕابردوو نزیكەی 400 ماڵ لە وەرزی هاویندا چەمچەماڵی بەجێهێشتووە، كە 200 ماڵی بەهۆی كەمئاوییەوە بووە”

ڕەمك ڕەمەزان ئاشكراشیكرد، ساڵی ڕابردوو بەهۆی كەمئاوییەوە 200 ماڵ قەزاكەی بەجێهێشتووە، ئەمساڵیش بەهۆی وشكە ساڵییەوە هەشت بیر وشكی كردووە و وشكە ساڵی كاریگەری زیاتریكردووەتە سەر گرفتی كەمئاوی بۆ قەزاكە.

هاوكات ئازاد محەمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەئێستادا هەرێمی كوردستان توشی وشكەساڵی بووتەوە بۆ قەزای چەمچەماڵیش كێشەكە زیاتر دەبێت.

باسیلەوەشكرد، لەڕابردوودا بڕی حەوت ملیار و 618 ملیۆن دینارە بۆ ڕاكێشانی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵ دابینكرابوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە، ئەو پارەیە بۆ موچەی مووچەخۆران ڕاكێشرا.

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی بۆ ڕەوتی سەدر: دە‌بێت کێشەکان پێکەوە چارەسەربکەین

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەیەكی بۆ پرسی بڕینەوەی دارەكانی سنووری دهۆك ڕاسپارد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share