ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێککەوتنێکی نوێ لەبارەی نەوتەوە جێبەجێدەکەن و بڕی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاد دەکات.
سروە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ڕێککەتبوون کە ڕۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە بۆرییەکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی دەرەوە بکرێت، ئێستا ڕێککەوتنێکی دیکە لەنێوان هەردوولادا دەکرێت، ئەمەش پاش ئەوەی وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیان کرد.
باسی لەوەشکرد، لە ماوەکانی ڕابردوو عەلی زەیدی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دەستبکەنەوە بە کارکردن، پاش ئەوەی هەردوولا لەسەر دۆسیە ئەمنییەکان ڕێککەوتن، بۆیە ئێستا بڕیاردراوە کە بۆری نەوتی کەرکوک – جەیهان بەکاربهێندرێت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەتوانرێت ڕۆژانە 600 بۆ 700 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی کەرکوک – جەیهان ڕەوانەی دەرەوە بکرێت و پلان هەیە لە داهاتوودا هەناردەی نەوت لەم بۆرییەوە زیاتر بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی پێکهێناوە تاوەکو لەگەڵ ئەنجومەنی ئابوریی عێراق کۆببنەوە و لەسەر وردەکارییەکان ڕێکبکەون، ئومێد دەکەین مانگی تەمموز ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.