وەزارەتی پێشمەرگە ڕونكردنەوە لەسەر ئۆپراسیۆنەكەی شەوی ڕابردوو دەدات

هاوڵاتییەكیان ڕفاندووە

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، شەوی ڕابردوو ئۆپراسیۆنێكی تایبەت لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە ئەنجامدراوە و بەهۆیەوە چەند ناوچەیەك لە داعش پاككراونەتەوە.

وەزارەتەكە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، شەوی ڕابردوو لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا، هێزەکانی پێشمەرگە بە پشتیوانی هێزە تایبەتەکانی هاوپەیمانان لە ئاسمان و زەوییەوە، لە ناوچەی (کاوێرکەوا – داوێ)، هێرشیان کردەسەر چەكدارانی داعش و ناوچەیەکی فراوانیان لێ پاککردنەوە.

دەشڵێت، “لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، ژمارەیەک تیرۆریستی داعش کوژران، هەروەها چەند مۆڵگەیەکیان وێرانکرا، کە تیایدا دەمانەوە و پیلانی کردەوە تیرۆریستیەکانیان تێدا دادەڕشت، چەند پارچە چەک کەوتنە دەست پێشمەرگە”.

وەزارەتی پێشمەرگە ئۆپراسیۆنەكە وەك تۆڵەی ئەو هێرش و پەلامارانە ناودەبات کە لەماوەی ڕابردوودا داعش کردیەسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و بووە هۆی شەهید و بریندارکردنی ژمارەیەك پێشمەرگە و دوپاتیشیدەكاتەوە، “پەیامێک بوو بۆ تیرۆریستانی داعش، کە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، هەموو کات ئامادە و دەست لەسەر تفەنگن بۆ بەرگریکردن لە نیشتیمانی کوردستان”.

هەر سەبارەت بە ئۆپراسیۆنەكە پێشتر جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پێشمەرگە ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە تایبەتەکانی گۆڵدن فۆرس (GoldenForces) سەر بە لیوای کۆماندۆ، ئۆپەراسیۆنێکی 24 کاتژمێرییان لە ناوچەی کاوێر کەوێ داوێ ئەنجامدا.

ئۆپەراسیۆنەکە لەژێر فەرماندەیی هێزەکانی 70 و بە سەرپەرشتی هێزە تایبەتەکانی هاوپەیمانی – فەرەنسی و بە یارمەتیی لیوای (144) ئەنجامدراوە.

بابەتی پێشتر

گۆڕان هێشتا سوورە لەسەر سیستمی پەرلەمانی

بابەتی دواتر

دادگای فیدراڵی لەبارەی كاری ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە بڕیارێكی نوێی دەركرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share