مەكتەبی سیاسیی پارتی پیرۆزبایی لە هاوتا یەكێتییەكەی دەكات، جەخت لە هەماهەنگی و یەكڕیزیی نێوانیان دەكاتەوە بۆ “دابینكردنی خۆشگوزەرانی و بەختەوەریی بۆ هاوڵاتییان”.
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەبۆنەی 46هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، پەیامێکی ئاڕاستەی مەكتەبی سیاسیی حزبەكە كرد، دەڵێت، “یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، هاوخەبات و هاوپەیمانێكی گرنگ و سەرەكیی پارتی دیموكراتی كوردستانە و ھاوشان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكە، ڕۆڵی كاریگەری هەبووە لە بەدیهاتن و پاراستنی دەسكەوتەكانمان”.
مەكتەبی سیاسیی پارتی ئەوەش بە یەكێتی دەڵێت، كە “ئومێدەوارین لەم قۆناغەشدا بەهەموو لایەك هەوڵ بدەین بۆ بەرزراگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان و بەگیانی بەرپرسیارییەتی و نیشتیمانپەروەرییەوە، بەپێی پێویستی قۆناغەکە دەوری شیاوی خۆی ببینێ”.
پارتی جەختیشدەكاتەوە لەسەر “هەماهەنگی و تەبایی و یەكڕیزیمان شانبەشانی هێز و لایەنە سیاسیەكانی دیكەی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەو گیروگرفتەکان و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و بەختەوەریی بۆ هاووڵاتیان و داكۆكیكردن لەو ئەزموونە و سووربوون لەسەر بەدیهێنانی تەواوی مافە رەواكانمان و پاراستی قەوارەی ھەرێمی کوردستان”.