دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کوژرانی دوو پێشمەرگەی ڕاگەیاند، لەکاتی ڕوبەڕوبوونەوەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئێران.
لە ڕاگەیەندراوێکدا دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بڵاویکردەوە، شەوی ڕابردوو ڕوبەڕوبوونەوە لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزە ئەمنییەکانی ئێران ڕوویدا، لەئەنجامدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لەسەر ڕێگای مەهاباد – پیرانشار لەنزیک گوندی لکبن، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە هێرشیان کراوەتەسەر، ئەو دوو پێشمەرگەیەش شەهید بوون.
فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ناسنامەی ئەو دوو پێشمەرگەیەی بڵاوکردووەتەوە، بە ناوەکانی (هادی شێخە) خەڵکی پەسوێ و (ئەیوب سوڵتانی) خەڵکی گوندی خورینج سەر بە شاری پیرانشار.