وەزیری بەرگریی عێراق هێرش دەكاتەسەر حەشدی شەعبی و دەڵێت، دەبێت چۆن هێزێك بێت، كە ئۆتۆمبیلەكانی دۆشکەی لەسەرە و ناتوانێت دەوڵەت و سوپا بترسێنیت.
جومعە عیناد، وەزیری بەرگریی عێراق ڕایگەیاندووە، “ئەو ڕووداوانەی لەدوای دەستگیرکردنی سەرکردەکەی حەشدی شەعبی ڕوویدا هەڵەبوو، هەڵەش بە هەڵەیەکی دیكە چارەسەر ناکرێت، دەبوایە سەرکردەکانی حەشد بهاتنایە بۆلای من یان سەرۆک وەزیران ئەو كێشەیەمان بەشێوەیەكی دیكە باسبکردایە”.
لەبارەی بڵاوبونەوەی چەكدارانی حەشد لە شەقامەكان، وەزیری بەرگری عێراق دەڵێت، “سوپای عێراق لە ئێستادا دەتوانێت شەڕی دەوڵەتێک بکات، 40 ئۆتۆمبێل ناتوانێت لە ڕێگەیدا بوەستێت و ڕوبەڕوی ببێتەوە”.
لە بەشێکی دیكەی قسەکانیدا جومعە عیناد، بە هێزەكانی حەشدی شەعبی دەڵێت،” وەرە و چیت پێویستە بۆت جێبەجێ دەكەم، بەڵام هاتویت هێز پیشان دەدەیت، هێزی تۆ چییە؟ ئۆتۆمبێلت هەیە و دۆشکەی لەسەرە ئەوە چی هێزێکە، بەوە ناتوانیت دەوڵەت و سوپا بترسێنیت، چونكە سوپای عێراق لە ئێستادا توانای هەیە، کە بتوانێت شەڕی دەوڵەتێک بکات”.
عیناد پێشی وایە، توانای ئێستای سوپای عێراق لە توانای سوپاكەی سەدام حسێن لە ساڵانی نەوەدەکان باشترە.
لەبارەی ڕۆڵی حەشدی شەعبی لە ڕزگاركردنی بەشێك لەخاكی عێراق لە دەستی چەكدارانی داعش، وەزیری بەرگری عێراق جەخت لەوەدەكاتەوە، حەشدی شەعبی ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە ڕوبەڕوبوونەوەیان، بەڵام ئەوان عێراقییان ڕزگار نەکرد، بەڵكو پرۆسەی ئازادکردنەکەیان خێراتركرد.