هاوسەرۆکانی یەکێتی بۆ هاوپەیمانان: بوونی ستراتیژێکی نوێ بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی تیرۆر پێویستە

هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان، گرنگیی ھەماھەنگیی ئەمنیی ھاوبەشیان لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و عێراق و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی تیرۆر دووپاتکردەوە و داوایان لە هاوپەیمانان کرد بەشدارییان لە ژوورە هاوبەشە ئەمنییەکاندا هەبێت.

بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ هەینی پێشوازییان لە ڕیچارد بێڵ، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد و لە کۆبوونەوەیاندا دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان تاوتوێکران و گرنگیی پتەوکردنی ھەماھەنگیی سەربازی و ئەمنیی نێوان ھەردوولا دووپاتکرایەوە بە تایبەت لە بوارەکانی پڕچەککردن و ڕاھێنان و پەرەپێدانانی توانا سەربازییەکان بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و سەقامگیرکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە.

هاوسەرۆکانی یەکێتیی هۆشدارییان لە مەترسییە بەردەوامەکانی داعشدا لە هەریەکە لە عێراق و سوریا و جەختیان لە پێویستیی ستراتیژێکی نوێ بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی تیرۆر کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هاوسەرۆکان جەختییان لە پێکھێنان و چالاککردنی ژووری ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان کردەوە و داواشیان لە ھێزەکانی ھاوپەیمانان کرد ڕۆڵی زیاتر بگێڕن و بەشداربن لە ژوورە ھاوبەشە ئەمنییەکاندا.

هەر لەو دیدارەدا باس لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرا و هاوسەرۆکان بەردەوامیی هەوڵەکانیان بۆ یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای ھاوسەنگی و شەراکەت بە لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای نیشتمانی و بەرژەوەندیی گشتی دووپاتکردەوە.

هەردوو هاوسەرۆک ڕایانگەیاند، “یەکێتی ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ پێکھێنانی ھێزێکی یەکگرتووی مەشقپێکراوی نیشتمانیی کوردستانی کە پارێزەری خاک و گەلەکەمان بێت”، پشتیوانی و ھاوکاریی ھێزەکانی ھاوپەیمانانیشیان لەو ڕووەوە بە پێویستزانی.

لە بارەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و پێشھاتەکانی ئەمدواییەی بەغدا، ھاوسەرۆکان چارەسەرکردنی سیاسیانەی تەواوی کێشەکان و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم سەقامگیری سیاسی و ڕەوینەوەی گرژییەکان بە تایبەت لەم دۆخەدا کە بەرەو ھەڵبژاردنی پێشوەختە ھەنگاو دەنێین بە پێویست ناوبرد.

ڕاشیانگەیاند، “پێویستە زەمینەی لەبار بۆ ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد فەراھەم بکرێت”.

بابەتی پێشتر

نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە پەیوەندی هەرێم و بەغداد ڕازی نییە

بابەتی دواتر

دهۆک.. ئاگر لە چیای هێتوت کەوتەوە و سەدان دۆنم زەوی سوتان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کەشناسیی هەرێم: خۆڵبارین دەستپێدەکات

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ و سبەینێ تۆزێکی سووک بەرزدەبێتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویکردەوە،…
Total
0
Share