مستەفا كازمی فەرمان بە لێكۆڵینەوەیەكی ورد دەكات لەبارەی ڕووداوەكانی گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان، ئەمەش دوای ئەوەی لە خۆپیشاندانەكانی بەغدا گرژی دروستبوو و دوو خۆپیشاندەر كوژران و ژمارەیەکیش برینداربوون.
بەیانیی ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لێکۆڵینەوەی ورد و شەفافی بۆ گرژییەکانی شەوی ڕابردووی گۆرەپانی تەحریر و کوژران و برینداربوونی خۆپیساندەران کرد و ڕایگەیاند، “پشتگیریی خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکەین لە عێراق، فەرمانی توندمان کردووە بە پاراستنی خۆپیشاندەران و دانبەخۆداگرتن و قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەک بەهەر هۆکارێک بێت”.
مستەفا کازمی دەڵێت، “ئەمڕۆ لێکۆڵینەوەیەکی ورد و شەفاف بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان دەستپێدەکەین لەبارەی گرژییەکانی شەوی ڕابردووی خۆپیشاندانەکان، ئاسایش و ئارامی ئەرکی هەمووانە و پێویستە هەموو لایەکمان بەشداری لە پاراستنیدا بکەین”.
پێشتریش بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە تویتێکدا بەکارهێنانی چەکی دژی خۆپیشاندەران ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، بەکارهێنانی چەک بەرامبەر خۆپیشاندەران نابێت بەبێ لێپێچینەوە تێپەڕێت، لەگەڵئەوەشدا پاراستنی ئاسایش و موڵک و ماڵی گشتیی ئەرکێکی نیشتمانیی هەموولایەکە.
نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە عێراق لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، “لێپرسینەوە کلیلی سەقامگیریی عێراقە”.