ئاژانسی فارس-ی ئێرانی بڵاویكردەوە، ئەنجومەنی داڕشتنەوەی دەستوری ئێران پەسەندكردنی ژمارەیەك لە كاندیدە دیارەكانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ڕەتكردوەتەوە، كە بڕیارە لە 18ی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
ئاژانسەكە لەسەر زاری سەرچاوەكانەوە بڵاویكردەوە، لەنێو كاندیدە ڕەتكراوەكاندا هەریەك لە مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆكی پێشوو، عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەنجومەنی شورا لەنێو ساڵانی 2008 و 2020 و ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەكەمی سەرۆكی ئێران هەن.
لە بەرامبەردا ئەوانەی ڕەزامەندی لەسەر خۆكاندیدكردنەكەیان دراوە بریتین لە هەریەك لە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆكی دەستەی دادوەری، لیوا موحسین ڕەزایی سەرۆكی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ڕژێم و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، موحسین عەلیزادە، سەعید جەلیلی، عەلیڕەزا زاكانی، عەبدولناسر حماتی و ئەمیر حسێن غازیزادە هاشمی.
پێشتر میدیاكانی ئێران پێشبینی ئەوەیان كردبوو كێبڕكێكانی سەرۆكایەتیی وڵات لەنێوان عەلی لاریجانی نەریتخوازی كلاسیكی و ئیبراهیم ڕەئیسی نەریتخوازی ڕادیكال-دا بێت.
پێشبینیش دەكرا تێڕوانینەكانی ڕەئیسی و لاریجانی بەشێوەیەكی گەورە لەسەر ئابوری و پێگەی ئێران لە جیهاندا بێت، لەگەڵ خواستی یەكەمیان بۆ سیستمێكی ئابوریی ناوەند و گوێڕادێران بۆ ڕۆژئاوا، لە بەرامبەردا مەیلی دووەمیان بەرەو كرانەوە و سیستمێكی ئابوریی زیاتر ئازاد.