وەزیرانی دەرەوەی میسر و ئوردن و عێراق جەخت لەسەر پتەوكردنی هەماهەنگیی ئابوری و ئەمنیی نێوانیان دەكەنەوە بەتایبەت لە بواری وزە و كارەبادا.
ئەو جەختكردنەوەیە ئەمڕۆ سێشەممە 13ی تشرینی یەكەم لەمیانەی كۆبوونەوەیەكی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و سامح شوكری، وەزیری دەرەوەی میسر و ئەیمەن سفدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن-دا بوو كە لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوەچوو.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسی هاوبەشیشدا فوئاد حسێن ڕایگەیاند، قاهیرە میوانداریی وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ وڵات دەكات بۆ كاراكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوانیان و دانانی ڕێوشوێنی پڕۆژە ئابورییە جیاوازەكان بەمەبەستی زیادكردنی هەماهەنگیی نێوانیان.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی وت، “لە كۆبوونەوەكەیاندا تاووتوێی هەماهەنگیی ئابوریی نێوان هەرسێ وڵات لە بوارەكانی (وزە و كارەبا و نەوت)دا كراوە سەرەڕای هەماهەنگی لەبواری دەرمان و خۆراك”.
سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەی عێراق یەكێك لە پرسە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكە بووە، جگە لە پرسە سیاسییەكانی وەك دۆسییەی فەڵەستین و گرفتی بەنداوی نەهزە و كێشەكانی لیبیا، وەك ئەوەی میدیاكان ئاماژەیان پێداوە.
لای خۆیەوە وەزیرە ئوردنییەكە ئاشكرایكرد كە وڵاتەكەی بە كردەیی ڕێككەوتنی پێكەوە بەستنی كارەبای لەگەڵ عێراق كردووە.
ئەوەشی وت، “بەشێكی گرنگی هەماهەنگیی نێوانیان كاركردنە لەسەر گواستنەوەی نەوتی بەسڕە بۆ میسر لەڕێی شاری عەقەبەی ئوردنییەوە”.
لە ئابی ڕابردوو كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان هەرسێ وڵات بە بەشداری مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و شا عەبدوڵای دووەم، پادشای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر لە عەمانی پایتەختی ئوردون بەڕێوەچوو.