ڕاپۆرتێك: پنتاگۆن سوپایەكی نهێنی دروستكردووە كە بە گەورەترینی جیهان دادەنرێت

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا

ڕاپۆرتێك كە لەلایەن ڕۆژنامەی (نیوسویك) ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوبووەتەوە ئاشكرایدەكات، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا “سوپایەكی نهێنی” دروستكردووە كە 60 هەزار كارمەند لەخۆدەگرێت و لەژێر فەرمانی هیچ دەزگایەكی دەسەڵاتداری دیكەی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا نییە.

بەپێی ڕۆژنامەكە، “پنتاگۆن لەماوەی ئەم 10 ساڵەی دواییدا گەورەترین هێزی نهێنی كە جیهان لە ڕابردوودا بەخۆیەوە بینیبێت پێكهێناوە. لە ئێستادا نزیكەی 60 هەزار كارمەندی هەیە و زۆرێكیان بە ناسنامەی ساختە و نهێنی تەواوەتی كاردەكەن بەهۆی ئەوەی سەرجەمیان بەشێكن لە بەرنامەی signature reduction”.

ئاماژەشدەدات، ئەم هێزە 10 هێندە زیاترە لە كارمەندانی نهێنی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی (CIA)، ئەركەكانیشیان لە ناوخۆ و دەرەوە بە جلوبەرگی سەربازی یان مەدەنی لە ژیانی ڕاستەقینە یان لەنێو تۆڕەكانی ئینتەرنێتدا بەڕێوەدەبەن و، خۆیان لەنێو كۆمپانیای كار یان ڕاوێژكاریی تایبەتدا شاردووەتەوە.

ڕۆژنامەكە ئاشكراشیكردووە، دوای لێكۆڵینەوەی ورد كە نزیكەی دوو ساڵی خایاندووە گەیشتووە ئەنجامەكانی لەبارەی بوونی “سوپا نهێنییەكە”، لەڕێی شیكردنەوەی بەڵگەنامەكان و چاوپێكەوتن لەگەڵ كارمەندانی هێزەكە و كەسانی ئاگادار لە چالاكیییەكانی، بەڵام هیچ دڵنیاكردنەوەیەكی فەرمی لەبارەی ئەو زانیارییانەوە دەستنەكەوتووە.

(نیوسویك) باسی لەوەشكردووە، نزیكەی نیوەی ئەو 60 هەزار كارمەندە ئەندامن لە یەكە شەڕكەرەكان و پڕۆسەی نهێنی لە ناوچە جیاوازەكانی جیهاندا ئەنجامدەدەن، هەندێكی دیكەیان بریتین لە شارەزایانی هەواڵگری و هەواڵگری دژ كە زۆركات لە دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان كارەكان ئەنجامدەدەن، بەشی سێیەمیشیان تایبەتمەندن بە پڕۆسە ئەلیكترۆنییەكان و بەرەنگاربوونەوەی هێرشەكانی ئەو بوارە و بەشێوەیەكی گشتی لەناو ئەمریكا كاردەكەن.

ڕوونیشیكردوەتەوە، پنتاگۆن كار لەسەر پەرەپێدانی یەكە نهێنییەكانی دەكات بۆ كەمكردنەوەی گرنگیدان بە كاروبارەكانی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

لەسەر زاری سەرچاوەكانیشەوە ڕایگەیاندووە، تێچووی چالاكییەكانی هێزە نهێنییەكە ساڵانە نزیكەی 900 ملیۆن دۆلارە، كە لەژێر پەردەی نزیكەی 130 كۆمپانیادایە.

س: نیوسویك + RT

بابەتی پێشتر

خالید شوانی: دابەشكردنی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كورد و توركمانی كەركوك ڕاگیرا

بابەتی دواتر

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ: له‌ ڕێگه‌ی سێ پرۆژه‌یاساوه‌ هه‌زاران هه‌لیكار ده‌ڕه‌خسێنین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share