دژە تیرۆر: بەهەموو شێوەیەک بەشداربوونمان لە تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی ڕەتدەکەینەوە

دەزگای دژە تیرۆر، وەڵامی ئەو ڕاپۆرتە ئەمریکییە دەداتەوە کە باس لە بەشدارییکردنی دژە تیرۆر دەکات لە کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداراندا و دژە تیرۆر ڕاپۆرتەکە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک بەشداریمان لەو کەیسەدا نەکردووە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا دەزگای دژە تیرۆر ڕایگەیاند، “ڕاپۆرتێك بڵاوكراوه‌ته‌وه،‌ تیایدا به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕوون تۆمه‌تی به‌شداربوون له‌ كه‌یسی تیرۆركردنی ژه‌نراڵ قاسم سولەیمانی ده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی كورد و ناوی هێزێكی دژه‌ تیرۆری سه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان هاتووه‌، گه‌رچی ئێمه‌ نازانین نوسه‌رانی ڕاپۆرته‌كه‌ مه‌به‌ستیان له‌ كام هێزی دژه‌ تیرۆره‌ له‌ كوردستان، چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ ‌‌ تا ئێستاش، دوو هێزی پێشمه‌رگه‌ و دوو ئاسایش و دوو هه‌واڵگری و دوو دژه‌ تیرۆر له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن‌، به‌ڵام ئێمه‌وه‌ وه‌ك هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئاگاداربوون و به‌شداربوونی هێزه‌كه‌مان له‌ كرده‌وه‌ی له‌وجۆره‌دا ڕەتده‌كه‌ینه‌وه”.‌

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئه‌گه‌ر ڕاپۆرته‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نه‌كه‌ی تره‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌وا حه‌قی وایه‌ خۆیان ڕونكردنه‌وه‌ بده‌ن و دەشڵێت، “ئێمە‌ ئاگاداری هیچ چالاكییه‌كی ئه‌وان نین، ئه‌وان له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانن”.

دەزگای دژە تیرۆر باس لەوەدەکات، ئەوان ڕۆژگارێک لەگەڵ قاسم سولەیمانیدا لەهەمان سەنگەردا دژی تیرۆر شەڕیان کردووە و “بە تیرۆرکردنی سەرکردەیەک لەو ئاستەدا، هەرێمی کوردستان دۆستێکی مێژوویی لەدەستدا و یەکێتیش دۆستێکی مام جەلالی لەدەستچوو”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسلەوەشکراوە، “حكومه‌تی ئێران و حكومه‌تی عێراق بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌یسی به‌ئامانجگرتنی فه‌رمانده‌ باڵاكه‌ی ئێران له‌ عێراق، له‌ ساڵی ڕابردووه‌وه‌ لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شیان پێكهێناوه‌ بۆ به‌دواداچوون له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی بكه‌ره‌كانی ئه‌و كرده‌وه‌یه، بۆ ده‌ستنیشانكردنی بكه‌ره‌كانی چاوه‌ڕوانی ڕاپۆرتی میدیایی ناكه‌ن، ئێمه‌ش ئاماده‌ین بۆ وه‌ڵامی هه‌ر پرسیارێك”.

دژە تیرۆر دەڵێت، “ئێمه‌ ئه‌و گریمانه‌یه‌ به‌هه‌ند وه‌رده‌گرین، كه‌ ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگریی ناوخۆیی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستی هه‌یه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ تێوه‌گلاندنی ده‌زگاكه‌مان، به‌تایبه‌ت، كه‌ ئاگادارین ماوه‌یه‌كه‌ ئه‌و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌،‌ (به‌شێكی تایبه‌ت)ی پێكهێناوه‌ بۆ دزه‌پێكردنی زانیاریی چه‌واشه‌ بۆ میدیا ناوچه‌یی و جیهانییه‌كان، ده‌یانه‌وێت به‌هه‌ر نرخێك بووه‌، زیان به ناوبانگ و‌ ئاسایش و ئارامیی هه‌رێمی كوردستان و زۆنی سه‌وز بگه‌یه‌نن”.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، “بڵاوكردنه‌وه‌ی ئەم ڕاپۆرتە و لكاندنیشی به‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ له‌لایه‌ن میدیاكانی پارتییه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌یه‌ قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانه‌ گه‌وره‌یه‌ بكه‌نه‌وه‌، كه‌ به‌هۆی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سك، دژایه‌تییان له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و یاریكردن به‌ چاره‌نووسی هه‌رێمی كوردستان، به‌ر پێگه‌ حزبی و سیاسی و دیپلۆماسییه‌كه‌یان كه‌وتووه‌، به‌تایبه‌تتریش دوای سكانداڵی ده‌ستگیركردن و زیندانیكردنی ڕۆژنامه‌نووسی گه‌نجی كورد به‌تۆمه‌تی بێبنه‌ما، كه‌ متمانه‌ی لای خه‌ڵك و ده‌ره‌وه‌ش بۆ نه‌هێشتوون”.

 

بابەتی پێشتر

نرخی دراوە بیانییەکان

بابەتی دواتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، یەکشەممە بە کاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پاسپۆرتی هەڵەبجە بۆ هاوڵاتییان: ئەم ماوەیە لە پاسپۆرتی سلێمانی مامەڵەکانتان ئەنجامبدەن

بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، “لەبەرئەوەی سیستمی نوێی پاسپۆرت لە هەنگاوی تاقیکردنەوەدایە تەنها ئەو هاوڵاتییانە سەردانمانبکەن کە بەڵگەی گەشتکردنیان…
Total
0
Share