بەهۆی بەردەوامی بۆردومانەکانی سوپای تورکیاوە، ئەمرۆ 8ی ئایار، گوندێکی مەسیحیەکان لەسنوری ناحیەی کانی ماسی، سەربەقەزای ئامێدی بەتەواوی چولکرا.
سەربەست سەبری، بەرێوبەری ناحیەی کانی ماسی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئەمرۆ شەممە بەهۆی بۆردومانی فروکەکانی تورکیاوە لە نزیک گوندی چەلکێی مەسیحیەکان لەسنوری ناحیەکەیان، دانیشتوانی گوندەکە، کە مەسیحین ئاوارەی گوندەکانی دراوسێیان بوون.
بەرێوبەری ناحیەی کانی ماسی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمرۆ جیاواز لە ڕۆژەکانی دیکە، لە چوارچێوەی ئوپەراسیونەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکە بۆرودومانی جیاواز هەبووە لەلایەن سوپای تورکیاوە.
لە بارەی زیانەکانی بۆردومانەکە، سەربەست سەبری وتی، “لە بۆردومانەکەدا هیچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام ڕوبەرێکی زۆری ناوچەکە سوتاوە .
لە 23ی مانگی رابڕدوو، سوپای تورکیا بە بەهانەی بوونی گەریلاکانی پەکەکە ئوپەراسیونێکی سەربازی بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان لە سنوری قەزای ئامێدی دەستیپێکردووە و بەوهۆیەوە تا ئێستا دووگوندی سنوری ناحیەی کانی ماسی چۆلکراون .