کونسوڵخانەی فەڕەنسا لە هەولێر، لەسەر ناوهێنانی نێردە دیبلۆماتییەکان و سزای بەندکراوانی بادینان ڕایگەیاند، “ئەو دۆستایەتییەی بە گەلی کوردستانەوە گرێمان دەدات لەسەر بنەمای ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ئازادیی ڕادەربڕینە”.
کونسوڵخانەی فەڕەنسا لە هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بە زمانی کوردی ڕایگەیاندووە، “بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە بڕیاری دادگای پێداچوونە لە دۆسییەی چالاکوانانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان”.
لە ڕاگەیەندراوەکەی کونسوڵخانەی فەڕەنسادا هاتووە، “ئێمە ئەوە وەبیر دەهێنینەوە کە ئەو دۆستایەتییەی بە گەلی کوردستانەوە گرێمان دەدات ئەو هەماهەنگییەی نیوان فەڕەنسا و هەرێم، لەسەر بناغەی بەهای هاوبەش و پڕەنسیبی هاوبەشپێکراو دامەزراون، لە نێوانیشیاندا ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندان، پێگەی تایبەتیان هەیە”.
کونسوڵخانەی فەڕەنسا نیگەرانی ئاشکرای خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر هەر هەولێک بۆ تۆمەتبارکردنی پەیوەندی ڕۆژنامەگەری و کۆمەڵگای مەدەنی، لەگەڵ نوێنەرایەتییە دیبلۆماتییەکان و کونسوڵخانەکان لە هەرێمی کوردستان.