هاوسەرۆكانی یەكێتی لەگەڵ شاندێكی باڵای بەریتانیا كۆبوونەوە

كۆبوونەوەی هاوسەرۆكانی یەكێتی لەگەڵ شاندی بەریتانیا

هاوسەرۆكانی یەكێتی لەگەڵ شاندێكی باڵای بەریتانیا كۆبوونەوە، مەترسییەكانی داعش و پێویستیی هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزە سەربازییەكانی شانشینی یەكگرتوو تاوتوێكرا.

بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر، پێشوازییان کرد له‌ مارشاڵ سامیوڵ سامپسۆن گه‌وره‌ ڕاوێژکاری به‌رگریی بەریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئەفریقا، ستیفن هیکی باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق، جەیمس سۆرنتن کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و وەفدێکی یاوه‌ریان.

له‌ دیدارێکدا، گفتوگۆکرا لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە دۆخی سیاسی و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و بەردەوامیی مه‌ترسييه‌كانی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەریتانیا، بە تایبەت لەڕووی هاریکاریی سەربازییەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، هاوسەرۆکان بۆچوون و سەرنجی خۆیان لەبارەی شانە نوستووەکانی داعش و جموجۆڵەکانیان و ڕێوشوێنەکانی ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌یان خستەڕوو، جەختیشیان لەسەر کاری هاوبەش و پێکەوەیی و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپاى عێراق کردەووە، بە پشتیوانیی هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان، به‌تايبه‌تى له کەرکوک و‌ ناوچە دابڕێندراوەکان، کە بۆشايى ئه‌منييان هه‌يه‌.

هاوسەرۆکان ئاماژەیان بۆ گرنگی و پێویستی بەردەوامیی هاریکارییە سەربازییەکان و ئەرکی هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ لەناوبردنی تەواوی چەکدارانی داعش و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆر و دابینکردنی سەقامگیریی ئەمنی و ئارامی بۆ ناوچەکە.

هەروەها سوپاسی گەل و حکومەتی به‌ريتانيا و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تییان کرد، بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی و هاوکاری و پێداویستیی سەربازی و پشتیوانییەکانیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و بەردەوامی مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە.

لەبارەی چاکسازی و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوسەرۆکان ئامادەیی و پشتیوانیی سەرۆکایەتیی یەکێتی-یان دووپاتکردەوە، بەوجۆرەی بنەمای یەکسانی و هاوسەنگیی تێدا ڕەچاوبکرێت، خواستی یەکێتییان خستەڕوو بۆ بوونی یەک هێزی پێشمەرگە، کە دووربێت لە هەموو دەستوەردانێک و هەرێمی کوردستانیش ببێت بە خاوەن هێزێکی نیشتیمانیی ڕێکخراو.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر دیاریکردنی پلان و بەرنامەیەکی گونجاو، بۆ بەردەوامیی کاری پێکەوەیی بۆ لەناوبردنی یەکجاریی شانە نوستووەکانی چەکدارانی داعش.

وەفدی میوانیش سوپاسی ڕۆڵ و قارەمانی و قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگەیان کرد لە شەڕی ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆردا.

لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا و پێگەی ھەرێم لە ھاوکێشەکاندا، ھاوسەرۆکان جەختیان لە یەکڕیزیی نیشتمانی و یەکھەڵوێستیی کورد لە بەغداد کردەوە، ئاماژەیان بۆئەوەکرد پێکھێنانی ھاوپەیمانیی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق لەنێوان یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان، دەستپێک و ھەنگاوێکی گرنگ بوو بە ئاڕاستەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share