هاوشێوەی بەرهەمهێنان، لە کۆکردنەوەی داهاتی کارەباشدا هاوبەشی بە کەرتی تایبەت دەکرێت

لە مانگی حەوتی ئەمساڵەوە، وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان بەشداری بە كەرتی تایبەت دەكات لە چەند پرۆسەیەكی تایبەت بە كەرتی كارەبا، لەوانە، كۆكردنەوەی داهات.

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە پرۆژەیەکی بۆ هاوبەشیپێکردنی کەرتی تایبەت لە سێكتەرەكەدا خستەڕوو، بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبای هەرێمیش دەڵێت، زیاتر لە %80ی بەرهەمهێنانی کارەبا ئێستا لای کەرتی تایبەتە لە مانگی تەموزیشەوە هاوبەشیپێکردنی کەرتی تایبەت لە ژمارەیەک سێکتەری دیکەشدا تەواو دەبێت.

ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 80%ی لای کەرتی تایبەتە، ئەوەی لە پرۆژەکەی ئێمەدا هەیە، هاوبەشیپێکردنی کەرتی تایبەتە لە دابەشکردن و کۆکردنەوەی داهاتی کارەبا”.

سەبارەت بەوەی بڕیارەکە کەی بە تەواوی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئومێد ئەحمەد ڕایگەیاند، لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا ڕێکارە کارگێڕییەکان تەواو دەبێت، هەرچەندە لە ئێستادا بەشێکی زۆری پرۆسەکە تەواوبووە، بەڵام لە دوو مانگی داهاتوودا بەتەواوی کۆتاییدێت.

لەلایەکی دیکەوە یەکێک لە تەوەرەکانی کارنامەی کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی کوردستان، پێشنیازەیاسای سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دەبێت، لەژێر ناونیشانی (وزەی خۆر وەك سەرچاوەیەك بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لەهەرێمی كوردستان)، شێرکۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان وتی، “ڕاپۆرتەکە دراوە بە پەرلەمانتارەکان تاوەکو ئەمڕۆ و سبەی لەبەردەستماندابێت، بەڵام سبەینێ تەنها ڕاپۆرتەکە لەلایەن پەرلەمانتار لیزا فەلەکەدین کاکەییەوە دەخوێنرێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بەشانەی وەزارەتی کارەبا ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات، دەدرێت بە کەرتی تایبەت، بۆئەوەی ئەو کەموکورتییانە پڕبکەنەوە.

هەروەها ئومێد ئەحمەد، پاڵپشتیی وەزارەتی کارەبای بۆ ئەو ڕاپۆرتەی پەرلەمان دووپاتکردەوە و وتی، “ئەوە پرۆژەیەکی زۆر باشە، یەکەم جارە لە مێژووی وەزارەتی کارەبادا پرۆژەی سوودوەرگرتن لە وزەی خاوێن بخاتەڕوو، ئێستا لە پرۆژەماندایە 75 مێگاوات کارەبا لە هەرسێ پارێزگاکە بە وزەی خۆر بەرهەمبهێنێت، واتە بۆ هەریەکە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک 25 مێگاوات بەرهەمدەهێنرێت”.

سەبارەت بە تێچووی ئەو وێستگانە باسی لەوەکرد، لە دروستکردندا وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خاوێن زیاتر تێچووی هەیە وەک لە وێستگەی دیکە، بەڵام دواتر پرۆسەی بەرهەمهێنانەکە لەڕووی تێچوو و ژینگەشەوە سوودێکی زۆریان دەبێت، بەراورد بە وێستگەکانی دیکە.

بابەتی پێشتر

كازمی و مەكگۆرك پرسی كشانەوەی هێزە ئەمریكییەكان تاوتوێ دەكەن

بابەتی دواتر

هێرشێكی موشەكی كرایەسەر بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share