هۆكاری دواكەوتنی ڕەوانەكردنی پشكی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە ئاشكرادەكرێت

پەرلەمانتارێكی كورد ئاشكرایدەكات، بەمنزیكانە شاندی تەكنیكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد دەكات و دەشڵێت، زیاتر لە هەفتەیەكە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەیە.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “هەرێمی كوردستان داوای سێ مووچەی لە بەغداد كردووە و بەگوێرەی یاسای بودجەش، دەبێت حكومەتی ناوەندی بۆ هەرێمی بنێرێت”.

وتیشی، “هۆكاری نەناردنی پشكی هەرێم ماوەتەوە لەسەر سەردانێكی شاندی تەكنیكی هەرێم بۆ بەغداد كە ڕێككەوتنی كۆتایی بكەن و، لەمنزیكانەشدا ئەو سەردانە ئەنجام دەدرێت”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ڕونیشیكردەوە، زیاتر لە هەفتەیەكە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەرێم و بەغداد لە هەماهەنگی و پەیوەندیدان بۆ ئامادەكردنی پێویستییەکانی ڕێککەوتنە تەکنیکییەکە.

وتەكانی ئەو پەرلەمانتارە لەكاتێكدایە، دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان له‌ رٍێگه‌ی نوسراوێكه‌وه‌ كه‌‌ ئاڕاسته‌ی دیوانی چاودێریی دارایی حكومه‌تی عێراقی كردووە‌، داوادەكات‌ بڕگه‌كانی یاسای بودجه‌ی فیدراڵی جێبه‌جێ بكه‌ن، وەك ئەوەی ئەمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم، بەمەبەستی دانانی پلانی هاوبەش بۆ ووردبینیکردنی داهاتەکان و دەستنیشانکردنی نوێنەر، نوسراوێکی ئاڕاستەی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی کردووە و نوێنەری هەرێم لەم بارەوە دەستنیشانکردووە و داوا لە دیوانی چاودێری عێراق دەکات هەمان ئەو ڕێکارانە بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجە.

لە 31ی ئازاری ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقی بۆ ساڵی 2021 پەسەندكرد و دوای پەسەندكردنیشی لەلایەن سەرۆككۆمارەوە لە ڕۆژنامەی وەقایع بڵاوكرایەوە و بەمەش بەفەرمی یاساكە چووە بواری جێبەجێكردنەوە.

بابەتی پێشتر

داعش هێرشێكی لە باشووری كەركوك ئەنجامدا

بابەتی دواتر

جموجوڵەكانی داعش، پێشمەرگە و سوپای عێراق لەیەك نزیكدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share