کەسوکاری چەکدارانی داعش لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە نەگەڕێندرانەوە عێراق

بڕیاربوو ئەمڕۆ 100 خێزانی عێراقی کە کەسوکاری چەکدارانی داعش بوون و لە کەمپی هۆل لە ڕۆژئاوای کوردستان نیشتەجێبوون، بگەڕێندرێنەوە نزیک شاری موسڵ، بەڵام ئەم پڕۆسەیە ڕاگیراوە.

تا ئێستا بە ڕونی لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانەوە ڕانەگەیەندراوە کە بۆچی ئەو پڕۆسەیە راگیراوە، بەڵام پێدەچێت بە هۆکاری ئەمنی و جوڵەی ئەمدواییەی چەکدارانی داعش هۆکاری ڕاگرتنی گواستنەوەکە بن.

میدیاکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەکە هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵکو بە هۆکاری ئەمنی و ناڕەزایەتی ڕاگیراوە و پێدەچێت لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە گواستنەوەی کەسوکارانی چەکدارانی داعش بکرێت.

بڕیاربوو ئەو 100 خێزان و کەسوکارەی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕێکارێکی ئەمنی توندوتۆڵدا بگەڕێندرێنەوە کەمپی جەدعە، لە باشوری موسڵ.

پێشتر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ ئەو ڕاگەیاندبوو و ئاشکراشیکردبوو کە خێمە و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکارانی چەکدارانی داعش ئامادەکراوە.

کەمپی هۆل لە ڕۆژئاوای کوردستان شوێنی کۆکردنەوەی کەسوکار و منداڵانی چەکدارانی داعشە کە لە ساڵی 2018  وە پاشماوەکانی چەکدارانی داعشی تێدا نیشتەجێکراوە.

کەمپەکە زیاتر لە 70 هەزار دانیشتوانی هەیە و بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی لە کەمپەکەدا دەژین ژن و منداڵن و منداڵان ژمارەیان 29 هەزار دەبێت.

ئەوانەی لە کەمپی هولدا نیشتەجێکراون خەڵکی زیاتر لە 50 وڵاتی جیهانن، هێزەکانی سوریای دیموکرات ماوەی چوار ساڵە بە فەرمی داوای لە وڵاتان کردووە هاوڵاتییەکانی خۆیان ببەنەوە و بەشێکی زۆر لە وڵاتان ڕەتی دەکەنەوە.

بەپێی کۆتا ئامار زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعش کە دەستگیرکراون خەڵكی وڵاتی عێراق بوون و بەشێکی زۆری ئەو چەکدارانە کەسوکار و ماڵ و منداڵی خۆیان بردووەتە ڕیزەکانی داعشەوە.

بابەتی پێشتر

حکومەت و پەرلەمان لە هێرشەکەی داعش بۆ سەر پێشمەرگە دەکۆڵنەوە

بابەتی دواتر

ئەمریکا و ئێران لەسەر چەند پرسێک ڕێککەوتن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share