هێزەكانی پاراستنی گەل ڕایدەگەیەنێت، لە چەند چالاكییەكدا 33 سەربازی سوپای توركیا كوژراون و دەشڵێت، “لەو هەڵمەتانەدا چوار گەریلا شەهیدبوون”.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئەمڕۆ سێشەممە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت، لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕی (هەڵۆكانی زاگرۆس) لەناوچەكانی (گردی مام ڕەشۆ، گردی شەهید سەرداری هەرێمی زاپ، گردی شەهید موونزۆر، دەڤەری شەهید سورخوێن و گردی شەهید سەرداری ئاڤاشین) ژمارەیەك سەربازی سوپای توركیا كوژران و برینداربوون.
دەشڵێت، لە چوارچێوەی هەڵمەتی جەنگی هەفتانین-یش سێ چالاكی ئەنجامدراوە و تیایدا سەنگەرێکی سوپای توركیا کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە حەوت سەرباز كوژراون.
هەپەگە كۆی كوژراوانی سوپای توركیای لەو چالاكییانەدا بە 33 سەرباز ناوبردووە، جگە لە برینداربوونی چەندانی تر.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەمیانەی هەڵمەت و چالاكییەكاندا “لە ئاڤاشین چوار گەریلا شەهید بوون”.
دەشڵێت، سوپای تورکیا بەردەوام هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بۆردومان دەکات.
لە ئێوارەی هەینی ڕابردوەوە سوپای توركیا هەڵمەتێكی سەربازی بۆ چەند ناوچە و گوندەكانی دەڤەری كانی ماسێ سەر بە قەزای ئامێدی لە هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە و تائێستا درێژەی هەیە.