نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتێک کارمەندانی فەرمانگەی كارەبای قەزای ئامێدی، سەرقاڵی چاککردنەوەی کارەبای 76 گوند بوون، کە بەهۆی بۆردومانی سوپای تورکیاوە پچڕابوو، لە گوندی گامێرکێ بۆمبێک بە کارمەندەكاندا تەقییەوە و سیانیان برینداربوون.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە دهۆک ڕایگەیاند، “شەوی ڕابردوو بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیاوە کارەبای 76 گوند پچڕابوو، کارمەندانی فەرمانگەی کارەبای ئامێدی سەرقاڵی چاککردنەوە و گەڕانەوەی کارەباکە بوون، بەڵام بۆمبێکیان پێدا تەقیەوەتەوە و سێ کارمەندی بریندار کردووە”.
بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دهۆک و چارەسەری پزیشکیان بۆ دەکرێت.
دوێنێ دووشەممە 26 نیسان، بەهۆی هێرشهكانی تورکیا بۆ ناوچه سنوورییهكانی ههرێم، کارەبای 76 گوند لە ناحییەی کانی ماسی له قەزای ئامێدی پچڕا و سەربەست ئاکرەیی، بەڕێوهبەری ناحییەی کانی ماسی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “دوێنێ کاتژمێر 4ی ئێوارە، کارەبای 76 گوند لە سنووری ناحییهكهمان بە تەواوی پچڕا”.
بەڕێوهبەری ناحییەی کانی ماسی وتیشی، “پچرانی کارەبای ئەم گوندانە لەکاتێکدایه، کە شهڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای تورکیا و پەکەکە لهم سنووره بەردەوامه، فڕۆکە و تۆپخانەکانی تورکیا ناوچەکە بوردوومان دەكهن”.