کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا، بێ بەرامبەر، نزیکەی 60 ملیۆن ژەمە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا – ئۆکسفۆرد دەنێرن بۆ وڵاتانی دیکە.
ئەگەرچی ئەسترازێنیکا لە پۆلێنی وڵاتانی بەکارهێنەری ڤاکسیندا جێگەی هەیە و وڵاتانێکی زۆر بەکاریدەهێنن، بەڵام تا ئێستا لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە مۆڵەتی بەکارهێنانی وەرنەگرتووە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، هۆکاری بەخشینی ئەو ملیۆنان ژەمە ڤاکسینی ئەسترازێنیکایە لەلایەن ئەمریکاوە پەیوەستە بە تەواوکردنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە ڤاکسینەکە، تا بە فەرمی ڕێگەی بەکارهێنانی پێبدرێت.
ئەگەرچی ئەمریکا خۆی بە “پارێزەری جیهانێکی ئازاد و یەکسان” دەزانێت، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر ئەم دروشمە و هەوڵی وڵاتەکە بۆ کڕینی ڤاکسینی زیاتر لە پێویستی خۆی، ڕوبەڕووی ڕەخنەی توند بۆتەوە.
لە هەمان کاتدا جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵێنداوە ٤ ملیۆن ژەمە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا بداتە وڵاتانی دراوسێ” لەو نێوەندەشدا هەردوو وڵاتی کەنەدا و مەکسیک سوود لەو بەخشینە وەردەگرن.