دانە غاز پڕۆژەی زیادكردنی بەرهەمی گازی كۆرمۆر بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا ڕادەگەیەنێت

دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی غاز بە ڕێژەی 250 ملیۆن پێی چوارگۆشە لە ڕۆژێكدا

هەردوو كۆمپانیای (دانە غاز) و (نەوتی هیلال)، پڕۆژەی فراوانكردنی كێڵگەی كۆرمۆر و زیادكردنی بەرهەمی كێڵگەكە بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا تا نیسانی 2023 ڕادەگەیەنن.

كۆمپانیاكان ئەمڕۆ دووشەممە ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و تیایدا دەستپێكردنەوەی كارەكانی فراوانكردنی كێڵگەی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوە، ئاشكرایانكردووە، پڕۆژەكە هەریەك لە دانە غاز و كۆمپانیای نەوتی هیلال بەشدارن تیایدا، لەبری گروپی پێڕڵ پترۆلیۆم بە وەبەرهێنان بە بڕی 600 ملیۆن دۆلار.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، پڕۆژەكە دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی گاز بە ڕێژەی 250 ملیۆن پێی چوارگۆشە لە ڕۆژێكدا بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ناوخۆ.

ئاشكراشیكردووە، كارەكانی پڕۆژەكە پێشتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە ڕاگیراوە، لەئێستاشدا دەستیپێكردووەتەوە بۆ دەستكردن بە بەرهەمهێنان لە نیسانی 2023دا.

بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی فرۆشتنی گاز، كە پیڕڵ پترۆلیۆم لە ئازاری 2019دا لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان واژووی كردووە، گروپەكە گازی بەرهەمهێنراو دەفرۆشێت بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێم بە وزەیەكی پاكژتر و كەمتێچوو.

سێشەممەی ڕابردوو کۆمپانیای دانە غاز بڵاویکردەوە، “کۆمپانیای پێرڵ پترۆلیۆم لە سەرەتای ئەمساڵەوە بڕی 151 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە فرۆشتنی گاز و بەرهەمەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان بەدەستهێناوە”.

ڕاشیگەیاندووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم حەقدەستەکانی لەو ماوەیەدا بە تەواوی و لەکاتی خۆیدا داوە، کە بڕەکەی 53 ملیۆن دۆلارە.

دانە غاز ڕاشیگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە لە هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بەڕێژەی %12 بەرزبووەتەوە بەتێکڕای 439 ملیۆن مەتر سێجای پێوانەیی لە رۆژێکدا، بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی ڕابردوودا بەتێکڕای 391 ملیۆن مەتر سێجای پێوانەیی، بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە دەگاتە %9ی بەرهەمەکان.

کۆمپانیای دانە غاز لە ساڵی 2005دا دامەزراوە و گەورەترین کۆمپانیای تایبەتمەندە، کە لەبواری گازی سروشتیدا کاردەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بابەتی پێشتر

حكومەتی هەرێم بودجەیەك تایبەت بە وشكەساڵی تەرخاندەكات

بابەتی دواتر

زیاتر لە 1100 توشبووی نوێی كۆرۆنا تۆماركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share