بەهۆی بەشداریکردنیان لە پڕۆژەی خولی سوپەری ئەوروپی، هاندەرانی یانەکانی مانچستەر یونایتد و ئارسیناڵ خۆپیشاندانی ناڕەزاییان دەستپێکردووە، خاوەنداریەتی هەردوو یانەکەش بیر لە فرۆشتنی پشکەکانیان دەکەنەوە.
ڕۆژنامەی “زە سەن”ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، بەهۆی بەشداریکردنی خێزانی گلایزەرس لە پڕۆژەی “سوپەرلیگ”، پەیوەندییان لەگەڵ هاندەران و ئەفسانەکانی یانە تێکچووە، پێیان وایە هەڵەی کارگێڕی گەورەیان کردووە و هەڵەکەیان شایستەی لێخۆشبوون نییە.
خێزانی گلایزەرس لەو ڕاستییە تێدەگەن کە پەیوەندیان لەگەڵ هاندەرانی سووری مانچستەر تێکچووە، بۆیە بە ئاشکراکردنی نرخی یانەکەیان بۆ کۆمپانیا داواکارەکان کە چوار ملیار پاوەندە پەیامیان ئاڕاستەی هاندەرانیان کردووە.
خێزانی گلایزەرس لە سااڵی 2005 بەبڕی 790 ملیۆن زۆرینەی پشکەکانی مانچستەر یونایتدیان کڕیوە، لە ئێستادا لەسەدا 400ی ئەو بڕە داهاتیان دەستدەکەوێت و نرخەکەشی چوار هێندە زیادیکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، دامەزرێنەری ئەپلیکەیشنی سپۆتیفای ئامادەیی نیشانداوە پشکەکانی یانەی ئارسیناڵ بکرێت، ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندانی ناڕەزایی هاندەران و داواکردنیان بۆ دوورکەوتنەوەی ستان کرۆنکی خاوەنی یانە.
خاوەنداریەتی یانەی ئارسیناڵ نرخی فرۆشی پشکەکانی بە دوو ملیار پاوەند مەزەندەکردووە، لە ئێستادا دانوستاندن دەکرێت بۆ ڕێککەوتن لەو بارەیەوە.