هاوسەرۆكی یەكێتی نیگەرانی خۆی لەبارەی ڕووداوەكەی شەوی ڕابردووی بەغداد نیشاندەدات و دەڵێت، سەرجەم توانا تەندروستییەکانی هەرێم لەخزمەت برینداراندایە.
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە ڕایگەیاند، بەدڵتەنگی و خەمێکی قووڵەوە هەواڵی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیبی بەغدادم بیست.
وتیشی، “بۆ ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە خۆم بە هاوبەشی خەم و پەژارەی گەلی عێراق و خانەوادەی قوربانییەکانی ڕووداوەکە دەزانم و پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ڕادەگەیەنین و ھیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم”.
بافڵ تاڵەبانی، ئامادەیی سەرۆکایەتیی یەکێتی بۆ ھەموو پشتیوانی و هاوكارییەك نیشاندا و وتیشی، “سەرجەم توانا تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان لەخزمەت بریندارەکاندایە و هەر هاوکارییەکی تریش کە پێویست بێت”.
درەنگانی شەوی ڕابردوو ئاگرێك لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیبی تایبەت بە توشبووانی كۆرۆنا لە بەغداد كەوتەوە و بەپێی وەزارەتی ناوخۆ بەهۆیەوە 82 كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 100 كەسی دیكەش برینداربوون.