هێرش و بۆردومانە ئاسمانییەكانی سوپای توركیا بۆسەر گوند و ناوچەكانی ناحیەی كانی ماسێ درێژەی هەیە، بەڕێوەبەری ناحیەكە دەڵێت، هێرشەكان زیانی بە دارستانەكان گەیاندووە و بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس، میدیای پەكەكەش باس لە كوژرانی چەند سەربازێكی توركیا دەكات.
سەربەست ئاكرەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسێ ئەمڕۆ یەكشەممە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، شەوی ڕابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا ناوچەكانی گەلی بازێ، گەلی شیلادزێ و گوندی هرورێ-ی بۆردومان كردووە.
وتیشی، “بۆردومانەكان زیانی گیانیی نەبووە، بەڵام بووەتە هۆی كەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەكانی ناوچەكە و دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ لەنێو دانیشتوواندا”.
لە ڕۆژی هەینییەوە هێرش و پەلامارەكانی سوپای توركیا بۆ سەر ناحیەی كانی ماسێ لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆك دەستیپێكردووە.
هێرشەكان كاتژمێر 6:45 خولەكی ئێوارەی هەینی بە بۆردومانی تۆپ و فڕۆكە دەستیان پێكرد و تا ئەمڕۆ درێژەیان هەیە.
لەبارەی شەڕەكانی ئەمڕۆوە، میدیای نزیك لە پەكەكە بڵاویكردەوە، لە گردی مام ڕەشۆ لە هەرێمی ئاڤاشین “شەڕێکی قورس لەئارادایە و ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی تورکیا کوژراون”.
دەشڵێت، لە هەرێمەکانی “پاراستنی مەدیا” شەڕ لە نێوان گەریلا و سوپای تورکیا بەردەوامە.
لەمیانەی ئۆپراسیۆنەكەیدا سوپای توركیا سێ خاڵی سەربازیی لە گوندەكانی هرورێ و چەلكی و كەستێ داناوە.
دوێنێش لە درێژەی شەڕ و پێكدادانەكاندا، هێزێكی سوپای توركیا بە هەلیكۆپتەری سەربازی لە ناوچەكەدا دابەزێنرا، فڕۆكە جەنگییەكانیش چەند شوێنێكیان لە دەڤەری ئاڤاشین لە ناوچەی شیلادزێ بۆردومانكرد.