وشکەساڵی زیانی بە 160هەزار دۆنم زەوی لە گەرمیان گەیاندووە

بەرێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو وشکەساڵییەی ڕوی لە ناوچەکە کردووە 160 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان زیانی پێگەیشتووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئیدارەی گەرمیان لە زاری شادیە حسێن، بەرێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان بڵاوکراوەتەوە تێیدا هاتووە، “بەھۆی کەمی ڕێژەی باران بارین لەسنوری ئیدارەی گەرمیان زیانی گەورە بەر زەوی کشتوکاڵی و پیشەی بەخێوکردنی ئاژەڵ کەوتووە”.

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، “لە سنوری گەرمیان 611 ھەزار سەر مەڕ و 134 ھەزار بزن و10 ھەزار ڕەشەوڵاخ و2 ھەزار گامێش مان ھەیە کەمی باران بارین کاریگەری راستەوخۆی ھەبوە لەسەریان”.

بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان ڕاشیگەیاندووە، ” بۆ چارەسەرکردنی گرفتی وشکەساڵی راپۆرتی خۆمان ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو کردووە و داوامان کردوە، پێویستە بۆ گەرمیان بودجەی تایبەت دابنرێت و داواشمان کردوە بۆ وەرزی  دووەمی چاندن بنەتۆو بۆ ئەو جوتیارانە دابین بکرێت، بەهۆی وشکەساڵییەوە زەرەرمەندبوون”.

ئەمساڵ لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێم دۆخی وشکەساڵی ڕاگەیەندراوە و ناوچەی گەرمیانیش بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەیەوە زیاتر لە شوێنەکانی دیکە زیانی بەردەکەوێت.

بابەتی پێشتر

نێچیرڤان بارزانی: ئەوەی یەکێتی بۆ لامەرکەزییەت داوای دەکات ئێمەش پشتگیری دەکەین

بابەتی دواتر

وەزارەتی تەندروستی ئاماری نوێی کۆرۆنای بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share