هۆشداری لەچالاكبوونەوەی داعش دەدرێت.. ‘تیرۆر’ لەڕۆژئاوای كوردستان زیادیكردووە

لە سەرەتای ئەم مانگەوە حاڵەتەكانی “تیرۆركردن” لە ڕۆژئاوای كوردستان زیادیكردووە، كە دواهەمینیان كوشتنی محەمەد حەمادی، بەرپرسی ئەنجومەنی پەنابەرانی عێراقی بوو لە خێوەتی هۆل، سەرەڕای پاراستنی خێوەتگاكە لەلایەن هێزەكانی هەسەدەوە.

بەر لە چەند ڕۆژێكیش چەكداران كە پێدەچێت سەر بە داعش بن دوو كەسی هاوكاری هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)یان “تیرۆركرد”.

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ هۆشداری دەدات لە زیادبوونی چالاكییەكانی داعش لەم ماوەیەی دواییدا، لەناو خێوەتی هۆل لە پارێزگای حەسەكە بێت، كە تایبەتە بە خێزان و منداڵ و پاشماوەی چەكدارانی داعش، یان لە دەرەوەی خێوەتەكە.

سایتی ئەلحورە لەسەر زاری ڕامی عەبدولڕەحمانەوە ڕایگەیاند، دوایین كاری تیرۆركردن ڕۆژی یەكشەممە لە كەرتی یەكەمی خێوەتگاكە ڕوویدا كە بەرپرسی ئەنجومەنی عێراقییەكانی گرتەوە، و بە پێنج فیشەك لە بەردەم ماڵەكەی لەنێو خێوەتەكەدا كوژرا، ئەو كارەش لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە كە پێدەچێت سەر بە داعش ئەنجامدرا.

خێوەتەكە، بەپێی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر لە 64 هەزار كەسی تیایە، كە 24 هەزار و 300یان سوری-ن. ئەو كەسانە ئاوارەبووان یان ئەوانەن كە لەكاتی شەڕی دژ بە داعش دەستگیركراون.

عێراقییەكان زۆرینەی بیانییەكانی ناو خێوەتەكە پێكدەهێنن، سەرەڕای هەزاران كەس لە خێزانی چەكدارانی داعش كە بەسەر زیاتر لە 50 دەوڵەتدا دابەشدەبن.

عەبدولڕەحمان وتیشی، “خێوەتی هۆل بووەتە بەندینخانەیەكی گەورە و ژمارەیەكی زۆری خەڵكی تیایە و بە ئاسانی تیرۆركردنی تیا ئەنجامدەدەرێت، لەلایەن ژنانی داعشەوە بێت یان ئەو گەنجانەی پێشتر لەناو داعشدا بوون، ئەو حاڵەتانە بەردەوامە و ناوەستێت”.

لە چەند مانگی ڕابردووشدا چەند بارگرژییەك و ڕوداوی هەڵهاتن یان برینداركردنی پاسەوانان لەلایەن ژنانی توندڕەوەوە تیاڕوویدا، ئەو ژنانە دەیانەوێت بەشی تایبەت بە ئافرەتە بیانییەكان بخەنە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانەوە.

عەبدولڕەحمان دەڵێت، داعش لەم ماوەیەی دواییدا بەشێوەیەكی بەرچاو چالاكبووە، بەتایبەت لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە.

پێشتر دەسەڵاتدارێتی كورد لە ڕۆژئاوا ئاشكرایكرد كە خێوەتەكە بووەتە بارگرانییەكی گەورە لەسەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەسەر ئاستی توانای ئەمنی و گوزەرانەوە.

لەدوای ڕاگەیاندنی لەناوبردنی داعشەوە لە ئازاری 2019، دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری داوا لە وڵاتانی پەیوەندیدار دەكات هاوڵاتییە دەستگیركراوەكانی لای ئەوان ببەنەوە یان دادگایەكی نێودەوڵەتی بۆ دادگایی كردنی چەكدارانی داعش پێكبهێنن، بەڵام زۆرینەی وڵاتان، بەتایبەتیش ئەوروپییەكان، سوورن لەسەر نەگەڕاندنەوەی هاوڵاتییەكانیان.

بابەتی پێشتر

ئایا ئاڵتون لەسەر ڕووی مەریخ هەیە؟

بابەتی دواتر

هەشت كاتژمێر كاردەكات.. ڕۆبۆتێكی چینی خاشاك كۆدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share