لە یادی 123 ساڵەی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، “پشتیوانیی تەواومان بۆ ڕۆژنامەنووسان و باوەڕی نەگۆڕمان بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین، دووپاتدەكەینەوە”.
لە ڕاگەیەندراوێكدا، بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردییەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، “ڕەخساندنی ژینگەی ئارام و لەبار و هاندەر بۆ ڕۆژنامەنووسان و گەیشتنیان بە سەرچاوەكانی زانیاری و گواستنەوەی دوور لە هەر جۆرە بەربەستێک، زامنە بۆ ئەوەی كایەی ڕۆژنامەگەری بتوانێت ئەركی خۆی لە هۆشیاركردنەوەی ڕایگشتی و ڕۆڵی چاودێرانەی بەسەر کاری دامودەزگاكانەوە بە جۆرێك ببینێت، كە ببێتە هاوبەشێكی كاریگەر لە پرۆسەی بوونیادنان و گەشەسەندنی دیموکراسی و كۆمەڵگەدا”.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “چاوەڕوانین ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیارانە و پیشەییانە، بە ڕەچاوكردنی یاسا بەركارەكان و ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، ڕاستگۆ، هاوسەنگ و بێلایەن، كاری خۆیان بكەن و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سهقامگیریی سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەیان لەبەرچاو بگرن”.
هەر پیشێلكارییەكی بواری ڕۆژنامەوانی، دەبێت بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەشڵێت، “بە چاوی ڕێزەوە لە ڕۆڵی ئەو دەزگا و ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییانە دەڕوانین، کە بە ڕاستگۆیی و ئەمانەتەوە چاودێریی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە هەرێمی كوردستان دەكەن، ڕاپۆرتەكانیان بە یارمەتیدەر و ڕێنیشاندەر بۆ پتەوتركردنی زەمینە و پاراستنی ئازادییەكان دەنرخێنین”.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشكرد، “هەر لەم بۆنەیەدا نیگەرانیی قووڵم لەو دیاردە دزێو و زمانە ئاستنزمە دەردەبڕم، كە بەداخەوە لە بەشێكی میدیا و سۆشیاڵ میدیای كوردستاندا سەریهەڵداوە، زمانێك نامۆ بە ئاكار و نەریتی کۆمەڵگەی کوردستان و بە مێژوو و كەلەپووری سەنگینی ڕۆژنامەگەریی كوردی و دوور لە هەموو ئیتیك و بەهایەكی ڕۆژنامەوانی، دەبێت بە هەوڵی هەموو لایەك سنوورێك بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت و کۆتایی پێبێت”.