ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دوو پرۆژەیاسا پەسەنددەكات

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕەشنووسی یەکەمی بودجەی هەرێمی تاوتوێكرد و دوو پڕۆژەیاساشی پەسەندكرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی كۆبوونەوەكە، لە دەستپێكدا سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا کە بەمەبەستی کارئاسانی و خزمەتکردنی هاووڵاتیان و نەمانی ڕۆتین لە دامودەزگاکانی حکومەت، بڕیارماندا دەسەڵاتە ئیدارییەکان لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و فەرمانگەکانیان لە پارێزگاکان شۆڕبکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئیشوکاری هاوڵاتییان خێراتر ڕابپەڕێنرێت و خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیەکی باشتر و خێراتر بگەنە هاوڵاتیان.

هەروەك ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ حکومەتی عێراق لە پەیوەندییەکی بەردەوامدان بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانەی سەر هەرێمی کوردستان دابنرێت، دووپاتیشیکردەوە هەرێم خوازیاری پەیوەندییەکی باش و دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و سوپاسی هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپای کرد، بۆ هاوپشتی و پشتیوانیی دەربڕین لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ سەبارەت بەو هێرش و دەستدرێژیانەی دەکرێنەسەر هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگیی ئەمنیی لەگەڵ حکومەتی فیدرالی و جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی هەردوولا و بەتایبەتی کاراکردنی خاڵە ئەمنییە هاوبەشەکان کرد بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکان.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری و دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان هێڵە گشتییەکانی ڕەشنووسی یەکەمی پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستانیان بۆ ساڵی 2021 بە ژمارە و داتای پێویست لە بوارەکانی (داهات، خەرجی، قەرز و پابەندییە داراییەکان و کورتهێنان) خستەڕوو، بەڕەچاوکردنی خشتەکانی تەرخانکراوی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 کە ڕۆژی 12ی نیسان لە ڕۆژنامەی ڕەسمی بڵاوکرایەوە، وابڕیارە، پرۆژەیاسای بودجەی هەرێم، لە نزیکترین دەرفەتدا ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.

لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا ڕەشنووسی هەردوو پرۆژەیاسای (هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت ژمارە (22)ی ساڵی 2011 بە ئاڕاستەی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ئەم توێژەی کۆمەڵ وهەروەها پرۆژەیاسای (بەرکارکردنی ڕەسمی پولی عێراقی ژمارە (71)ی ساڵی 2012 لە هەرێمی کوردستان) خرانەڕوو و هەردوو پڕۆژەکە، بە کۆی دەنگی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکران.

لە بڕگەی كۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەر لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی ڕێکخستنی پاسەوانی لە هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ پەسەندکرد، بە ئاراستەی چاکسازیی لەم بوارەدا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بە جێبەجێکردنی.

بابەتی پێشتر

هەرێمیشی تیایە.. توشبوون بە كۆرۆنا لە عێراق ملیۆنێكی تێپەڕاند

بابەتی دواتر

بەغداد چۆن توانی بەستەڵەكی نێوان ڕیاز و تاران بتوێنێتەوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share