بافڵ تاڵەبانی: دەبێت بیرکردنەوەی نیشتمانیمان هەبێت

ستیڤن ھیکی و بافڵ تاڵەبانی

هاوسەرۆكی یەكێتی پەسەندكردنی بودجە وەك سەرەتای كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكانی هەرێم و بەغداد ناودەبات و دەشڵێت، دەبێت بیرکردنەوەیەکی نیشتمانیمان هەبێت و دووربکەوینەوە لە ناکۆکییە کەسی و حیزبییەکان.

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەولێر لەگەڵ ستیڤن ھیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەكەی، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین پەرەسەندە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکان کرا و جەخت لە تەبایی و لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان کرایەوە. پەسەندکردنی بودجەی عێراق وەک هەنگاوێکی گرنگ و ئیجابی وەسفکرا و سەرەتایەک بێت بۆ کۆتاییهاتنی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد.

بافڵ تاڵەبانی جەختی لە کاری هاوبەشی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کردەوە و وتی، “سەقامگیری هەرێم و خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان کاری لەپێشینەی ئێمەیە و دەبێت هەموو هەوڵەکانمان لەو پێناوەدا بێت. بیرکردنەوەیەکی نیشتمانیمان هەبێت و دووربکەوینەوە لە ناکۆکییە کەسی و حیزبییەکان”.

لە كۆبوونەوەكەدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق-یش تاوتوێكرا و هاوسەرۆکی یەكێتی خواستی حزبەكەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، دەبێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد و بە چاودێری ناوەندە نێودەوڵەتییان لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و گوزارشت لە ویست و ئیرادەی سەرجەم پێکهاتە و لایەنەکان بکات.

بابەتی پێشتر

یەكلانەكردنەوەی پرسی لێبڕین دەبێتە هۆی دواكەوتنی موچەی ئەم مانگە؟

بابەتی دواتر

هەرێمیشی تیایە.. توشبوون بە كۆرۆنا لە عێراق ملیۆنێكی تێپەڕاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share