شەوی ڕابردوو شارێکی هەرێمی كوردستان و دوو بنکەی سەربازیی سوپای عێراق کرانە ئامانجی هێرشی موشەكی.
شەوی ڕابردوو دوو بنکەی سوپای عێراق و بنکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە نزیک کفری، بە موشەک هێرشیانکرایەسەر، سەرەتا و لە کاتی بەربانگدا بە دوو گولـلە کاتیۆشا هێرشکرایە سەر قەزای کفری، دواتر ئیدارەی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا برینداربوونی هاوڵاتییەکی لە ڕوداوەکەدا ڕاگەیاند.
لای خۆیەوە وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرایكرد، یەكێك لە گولـلە کاتیۆشاكان لە دوریی 500 مەترەوە لە بنکەیەکیان کەوتووەتە خوارەوە.
هەر شەوی ڕابردوو بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین بە شەش موشەک کرایە ئامانج، كە هێزی ئەمریكیشی تێدا جێگیركراوە، دواتر ڕاگەیەندرا دوو ئەندامی سوپای عێراق لە هێرشەکەدا بریندار بوون.
هەروەها هێرشی موشەكی كراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی سوپای عێراق لە ناوچەی سلێجییە لە سنووری قەزای هیت لە ڕۆژئاوای ڕومادی و زیانی ماددی بە شوێنەکە کەوتووە.
ڕەنگە هێرشەكانی سەر دوو بنكە سەربازییەكەی عێراق و قەزای کفری زیاتر پەیامێک بێت لەلایەن هێزە چەکدارییەکانی شیعەوە، بەو پێیەی پێشتریش هێرشی هاوشێوەیان بۆسەر هەولێر ئەنجامداوە.
دوای هێرشەکان، سوپای عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشەکانی بە تیرۆرستی ناوبرد و بەڵێنی لێکۆڵینەوەی ورد دەدات لەو زنجیرە هێرشە.