پۆلیسی گەرمیان ئاشكرایكردووە، ژنێك لەڕێی “خۆ هەڵواسینەوە” كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و هۆكارەكەشی بۆ كێشەی خێزانی دەگەڕێندرێتەوە.
پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی نیسان، تەرمی ژنێك بە ناوی (م.ف.ح) لەدایکبووی ساڵی 2001، گەیەندرایە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار کە بەهۆی خنکان بە پەت گیانی لەدەستدابوو”.
پۆلیس ئاماژەی بەوەشكردووە، “بە وتەی کەسوکارەكەی، ناوبراو لە ماڵەکەی خۆیدا بەهۆی کێشەی خێزانییەوە خۆی هەڵواسیوە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە”.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا پۆلیسی گەرمیان ڕاشیگەیاندووە، “لەئێستادا بە مەبەستی توێکاری، تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەری قەزای کەلار کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی ڕوداوەکە ڕەوانەی بەشی توندوتیژیی ئافرەتان دەکرێت تا لێکۆڵینەوەی زیاتر لە هۆکاری خۆخنکاندنی قوربانییەكە بكرێت”.