وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دوو بیری نەوت لە كێڵگەی بای حەسەن لە كەركوك ڕوبەڕووی “كاری تیرۆرستی بووەتەوە”.
وەزارەتی نەوت ئەمڕۆ شەممە 17ی نیسان لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، كۆمپانیای نەوتی باكوور دوپاتیكردوەتەوە كە دوو بیرە نەوت لە كێڵگەی بای حەسەن بەیانی ئەمڕۆ ڕوبەڕووی كاری تێكدەرانە و تیرۆستی بووەتەوە لەڕێی تەقاندنەوەی دوو بۆمب لەنزیك هەردوو بیرەكە.
ئاشكراشیكرد، كردەوە تیرۆرستییەكە نەبووەتە هۆی هەڵایسانی ئاگر یان زیانی مادی و مرۆیی، كاریگەریشی لەسەر بەرهەمهێنان یاخود وەستاندنی ناردنی نەوت نەبووە.
وەزارەتی نەوت ئاشكراشیكرد، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدار و ئەمنییەكان لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە.
كێڵگەی بای حەسەن دەكەوێت نزیك قەزای دوز لە باكووری ڕۆژئاوای پارێزگاكە.