وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت، ئاگاداری ئەو هێرشەیە كە شەوی ڕابردوو كرایەسەر فڕۆكەخانەی هەولێر.
وتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) لە لێدوانێكدا بۆ میدیا ئەمریكییەكان ڕایگەیاند، وەزارەتی بەرگری زانیاری هەیە لەسەر ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە بە ئامانجگرتنی فڕۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی دەكەن.
ئاماژەشیدا، “زانیارییە سەرەتاییەكان باس لە هەڵایسانی ئاگرێكی گەورە لە دەوروبەری فڕۆكەخانە دەكەن”.
شەوی ڕابردوو هێرشێك بۆ سەر فڕۆكەخانەی هەولێر ڕویدا، دوابەدوای هێرشەكەش وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دوای لێکۆڵینەوە و بەداواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەكە، لەئەنجامدا دەرکەوت هێرشەکە لەڕێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لەناو فڕۆکەخانە.
ڕونیشیكردەوە، “خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نییە و تەنیا زیانی مادی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە”.
وەزارەتی ناوخۆ دوپاتیشیكردەوە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوێنی هاتنی درۆنەکە.