وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئیداری و ئەمنی لە شەنگال بەتەنها دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندە و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ئەحمەد مولا تەڵال، وتەبێژی حكومەتی عێراق ئەمڕۆ شەممە 10ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی دووبارە ڕێکخستنەوەی دۆخی ئیداری و ئەمنی لە شنگال بەتەنها دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕوانگەی پابەندبوونی دەستووری لە حکومەتەوە بەرامبەر بە پێکهاتەیەکی ڕەسەن.
تەڵال لە تویتێكدا دەشڵێت، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە هەزار و 500 گەنجی ئێزدیی کەمپەکان و هەزار گەنجی شەنگال لە چوارچێوەی هێزەکانی ئەمنی دادەمەزرێندرێن.
دوێنی بە ئامادەبوونی مستەفا كازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی باردۆخی شەنگال و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ شارەکە لەنێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم واژووکرا.
ڕێككەوتنەكە گەڕانەوەی سەقامگیری لە شەنگال لەگەڵ ژمارەیەك خاڵی تایبەت بە كارگێڕی و ئەمنی و خزمەتگوزاری لەخۆدەگرێت و بە هاوشانی لایەنی كارگێڕی لەگەڵ حكومەتی هەرێم و پارێزگای نەینەوا ئەنجامدەدرێت بە لەبەرچاوگرتنی داواكارییەكانی دانیشتووانی قەزاكە.
هەورەها لایەنی ئەمنی لە ڕێككەوتنەكەدا لەچوارچێوەی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم جێبەجێ دەكرێت، لایەنی خزمەتگوزارییەكەیش لە ئەستۆی بەرپرسیاریەتیی لیژنەی هاوبەش لەنێوان حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێم و پارێزگای نەینەوا دەبێت.