دوای ئەوەی ئەمڕۆ بە سەردانێك گەیشتە بەغداد، بڕیارە ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی سەردانی هەولێر-یش بكات.
ئەحمەد ئەبوغەیت، ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی ئەمڕۆ شەممە 10ی نیسان گەیشتە بەغداد و لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆمار و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق كۆبووەوە.
دوابەدوای كۆبوونەوەی نێوانیان فوئاد حسێن وتی، پرسە گرنگەكانی ناوچەكە و پەیوەندی نێوان عێراق و كۆمكاری عەرەبی-مان تاوتوێكرد.
ئەوەشی ڕونكردەوە، ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی بەرنامەیەكی چڕی هەیە و چاوی بە بەرپرسانی وڵات دەكەوێت و سەردانی هەولێر-یش دەكات بۆ دیداری بەرپرسانی هەرێم.
لای خۆیەوە ئەبوغەیت وتی، لە نزیكەوە چاودێری تواناكانی عێراق و دیبلۆماسیەت و ڕێبازەكەی دەكات كە ڕەنگدانەوەی متمانەكردنە بە خود.
هیوای ئەوەشی خواست بتوانن لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا میوانداری وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی عێراقی بكەن.
ئەمینداری كۆمكاری عەرەبی لەژێر فەرمانی عێراقدا دەبن بۆ هەر خواستێت، عێراق لە دامەزرێنەرانی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبییە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتی كۆماریش لەدیداری نێوان بەرهەم ساڵح و ئەبوغەیت گفتوگۆکرا دەربارەی دواین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و تهواوی ئهو کێشانهی ئێستا کە ڕوبەڕووی ناوچەکە بوونەتەوە، بەتایبەتی پەتای کۆرۆنا و پێویستی یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی، ھەروەھا پشتیوانیکردن لە ھێنانهدی ئاسایش و سەقامگیری و هاریکاری ئابووری و دەرفەتی گەشەپێدان.
لە دیدارەکەدا سەرۆککۆمار وتی، “هەوڵەکانی عێراق بەئاڕاستەی پشتیوانییە لە دیالۆگی جددی لەپێناو یەکلایکردنەوەی کێشەکان و کەمکردنەوەی گرژی و پهرهپێدانی هاریکاری بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا، بەو پێیەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بەشێکی گرنگە لە ئاسایش و ئارامی عێراق”.