تەیمور، تاقانە و ڕزگاربووی ئەنفال ئاشكرای دەكات، حكومەتی عێراق دەیەوێت، هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ئەنفال بەجۆرێك بەڕێوەبچێت كە دەنگۆ دروست نەكات و لە گەورەیی تاوانەكە كەم بكاتەوە.
لە گفتوگۆیەكدا كە تۆڕی میدیایی ئێستا لەگەڵ تەیمور، تاقانە و ڕزگاربووی ئەنفال ئەنجامیدابوو، ناوبراو باس لە دۆسییەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و چەند پرسێكی گرنگ دەكات.
پێویستە چی بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان بكرێت؟
لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ساڵڕۆژی شاڵاوی ئەنفال 14/4، تەیمور، ڕزگاربووی ئەو شاڵاوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەوەی گرنگە بۆ كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان بكرێت، ئەوەیە خزمەتێك بكرێن كە شایستەی ئەو قوربانییە بێت كە داویانە، ناڵێین هیچ نەكراوە، بەڵام بەوجۆرەش نەبووە”.
تەیمور ئەوەشی خستەڕوو، “گرنگە ئەو جاش و مستەشارانەی دەستیان لە ئەنفالدا هەبوو، دادگایی بكرێن، هەروەها حكومەتی عێراقی داوای لێبوردن لە نەتەوەی كورد و لە كەسوكاری زیاتر لە 200 هەزار شەهید لە هەرێمی كوردستان بكات كە تا ئێستا نەیكردووە، بەڵام دەبینین داوای لێبوردنی لە كوەیت كردووە و قەرەبووش دەدات بەو وڵاتە”.
دۆسییەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و گەڕانەوەی ڕوفاتەكان بەكوێ گەیشتووە؟
كەسوكاری تەیمور لە سەماوە زیندەبەچاڵ كراون و لە هەمان شەودا ئەوەیان بەرامبەر كراوە، تەیمور لە هەمان شوێن بووە و بە برینداری ڕزگاری بووە.
لەبارەی ڕێكارەكان بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و گەڕانەوەی ڕوفاتی قوربانییان، ڕزگاربووەكەی ئەنفال داخ لە دڵە و ناڕەزایەتی دەردەبڕێت.
تەیمور وتی، “ئێمە وەك كەسوكاری ئەنفالكراوان و من كە تاكە ڕزگاربووی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانەم و دایك و سێ خوشكم و 110 كەس لە بنەماڵەكەم لەوێدا لە شەوێكی تاریكدا گولەباران كران و خۆشم بە برینداری ڕزگارم بووە، ناڕازین لەو جۆرە مامەڵەیەی كە لەگەڵ ڕوفات و گۆڕەكان كراون”.
ئەوەشی خستەڕوو، “هەر لە سەرەتای هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی سەماوە من ناڕازی بووم لە شێوزای دەرهێنانەوەی ڕوفاتەكان، بە ماوەی دوو ڕۆژ لە ئەمریكاوە گەیشتمە سەماوە، بینیم بە شێوزاێكی زۆر ناشارستانی و ناتەندروست و دوور لە هەموو عورف و عاداتێكی ئینسانی و ئەخلاقی و نەتەوایەتی كاریان تێدا دەكرد و بە بلدۆزەر چونە سەر ڕوفاتەكان”.
تاقانەكەی ئەنفال ئاماژەی بەوەشكرد، “من ئەزانم ئەو ڕوفاتانە لەناو ئەو چاڵانەی گولەباران كراون قوڵییەكەی ئەوەندە زۆر نییە بە بلدۆزەر بچیتە سەریان، نیو مەتر قوڵ دەبێت، كەچی ئەوان چونە سەر ڕوفاتەكان و هەموویان تێكشكاندن، هەروەها بینیم دوو دوو و سێ سێ سەری ڕوفاتەكانی ژنەكانیان لول دەدا و دەیانخستنە ناو عەلاگەی زبڵەوە”.
تەیمور ئەوەشی وت، “ئەوەش وای كرد، ئێمە بڵێین نابێت گۆڕەكان هەڵبدرێنەوە، چونكە بە نسبەت ئێمەوە ئەو گۆڕانە زۆر پیرۆزن”.
ئەوەشی خستەڕوو، “بەبێ پشكنینی دی ئێن ئەی، من دەمتوانی كەسوكارەكەم دەستنیشان بكەم لە گۆڕەكەدا، بەڵام فریا نەكەوتم و ڕێگە نەدرا”.
پاش ئەوەی پارێزگاری سەماوە “لە شەوێكی تاریك و بە فێڵ دەچێتە سەر گۆڕە بە كۆمەڵەكان و بە پاچ و بێڵ هەوڵی دەركردنی ڕوفاتەكانی داوە”، بەهۆی ئەوشەوە تەیمور سكاڵای یاسایی لە دژی دەزگای شەهیدانی عێراق و پارێزگاری سەماوە و وەزیری شەهیدان تۆمار كردووە، بەڵام سكاڵاكەی بێ دەرئەنجام بووە.
لەوبارەیەوە تەیمور ئاشكرایكرد، “پاش ئەوەی چەندین جار داوایان كرد، سكاڵاكەم نەكشاندەەوە، كەچی ئەوان سكاڵایەكی ناڕاستیان لە سەرم لە سەماوە تۆمار كرد، ئەوەی جێی داخە لەو سكاڵایەدا جەبار عومەر، بەڕێوبەری گشتیی شەهیدانی گەرمیان شاهێدی لەسەرم دا، كە لە بەردەم دادوەر ئامادە بووم بە 250 هەزار دینار غەرامە كرام یان دەبوو شەش مانگ لە زیندان بم، لەبری ئەوەی عێراق قەرەبووی كورد بكاتەوە، ئێمە قەرەبوو دەدەین”.
تەیمور ئەوەشی ڕوونكردەوە، “ئەم جینۆسایدەی بەرامبەر بە كورد كراوە زۆر گەورەیە، دەبێت هاوشێوەی ئەرمەنییەكان بە جینۆسایدی بناسێنین لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیشدا، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە دووچاری كورد نەبێتەوە، چیتر ناكرێت بە عاتیفەوە لەگەڵ ئەم گۆڕە بە كۆمەڵانە هەڵسوكەوت بكەین”.
ئێمە دەڵێین نا بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەكان لە ئێستادا چونكە ناكرێت بەو سستی و خاوییە ئیشی لەسەر بكرێت
ئاشكراشیكرد، “ئامانجی حكومەتی عێراق ئەوەیە كە نایانەوێت ئەم تاوانە دەنگۆی گەورە دروست بكات، لە گەورەی بچوك بكرێتەوە، بەراوردی كیمیابارنی هەڵەبجە و ئەنفال بكەین ئەنفال سەد بەرامبەرە، بەڵام چونكە تاوانی كیمیابارارنی هەڵەبجە زوومی كامێرای لەسەر بوو، ئەو دەنگۆیەی دروست كرد، بووە هۆی ئەوەی هێڵی 36 و دژە فڕین دروست بێت”.
سەبارەت بە هەوڵەكانی خۆی بۆ ئەو مەبەستە، تەیمور وتی، ماوەی دوو ساڵە هەوڵدەدات بۆ ئەوەی ئەو تاوانە زیندوو بكاتەوە.
وتیشی، “ئەوەی بناسم لە هەرێم و لە بەغداد ئەو بابەتەم لەگەڵ باس كردووە، پەیوەندیم بە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە كرد، بەڵێنی دا هاوكار بێت، بە ناوی كەسوكاری ئەنفالەوە سوپاسی دەكەم، منی برد بۆ بەغداد و سەردانی عەمار حەكیم-مان كرد و لەگەڵ دەزگای شەهیدانی عێراق ئاشتی كردمەوە و بە تەنیاش لەگەڵ لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق كۆبوومەوە”.
بە وتەی ڕزگاربووەكەی ئەنفال، قوباد تاڵەبانی بەڵێنی داوە تا سەر لەگەڵیان بێت لەو پرسەدا و تیمێكیشی بۆ دروست كردووە.
هەروەها داوا لە دەزگای شەهیدانی عێراق كراوە، نمونەی خوێن لە كەسوكاری ئەنفالكراوان وەبگرێت بۆ ئەوەی بەراورد بە دی ئێن ئەی ڕوفاتەكان بكرێن و كەسوكارەكانیان بدۆزنەوە.