سەرۆككۆماری عێراق یاسای بودجەی ساڵی 2021ی پەسەندكرد و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی كرد.
سەرچاوەیەك لە نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی نیسان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق یاسای بودجەی 2021ی پەسەندکرد و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کرد.
وتیشی، “لە سبەینێ-وە یاسای بودجە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
دوێنێ بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجە ڕەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کراوە.
وتیشی، “چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرۆککۆمار یاساکە پەسەندبکات، دواتر یاسای بودجە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
پاش زیاتر لە حەوت كاتژمێر كۆبوونەوە چوارشەممەی ڕابردوو 31ی ئازار ئەنجومەنی نوێنەران پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقی بۆ ساڵی 2021 پەسەندكرد.