سەرۆكی ڕوسیا ڕەزامەندی كۆتایی لەسەر یاسایەك نیشاندا كە ڕێگەیپێدەدات دوو ویلایەتی دیكە وەك سەرۆك بمێنێتەوە و، بەمەش 12 ساڵی دیكە مانەوەی لە دەسەڵاتدا بەخۆی بەخشی.
بەپێی ئەو هەموارە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی ڕوسیا (تەمەن 68 ساڵ) لە پۆستەكەیدا دەمێنێتەوە، لەكاتێكدا لەڕووی تیۆرییەوە پێویست بوو لە كۆتایی ویلایەتی ئێستای لە ساڵی 2024دا كۆتایی بە دەسەڵاتەكەی بێت.
مانگی ئازاری ڕابردوو، پەرلەمانتارانی ڕوسیا یاسایەكیان پەسەندكرد كە ڕێگەدەدات پوتین بۆ دوو ویلایەتی دیكە خۆی بپاڵێوێت، كە هەر یەكێكیان شەش ساڵ دەخایەنێت، ئەمەش دەرگای مانەوەی لە كرملین-دا تا ساڵی 2036 بۆ دەكاتەوە.
پوتین، كە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەیە سەرۆكایەتی ڕوسیا دەكات، یاساكەی واژووكرد، بەپێی ئەو وێنەیەی لە پێگەی ئەلیكترۆنی فەرمیی حكومەتەوە بڵاوكرایەوە.
پوتین ساڵی 2000 گەیشتە پۆستی سەرۆكایەتی، بەر لەوەی لە ساڵی 2008 و پێش كۆتایی ویلایەتی دووەمی بكشێتەوە و پۆستەكە بۆ دیمتری میدڤیدیڤ-ی سەرۆكوەزیران جێبهێڵێت. پاش چوار ساڵیش، جارێكی دیكە لە ساڵی 2012دا وەك سەرۆك هەڵبژێردرایەوە.
بڕیارەكە لەلایەن ئەلێكسی ناڤالنی، بەرهەڵسكاری دیاری ڕوسیاوە ئیدانە كرا، هاوكات ڕێكخراوی (گۆلۆس)ی تایبەت بە چاودێری هەڵبژاردنەكان بە “پێشێلكارییەكی بێ پێشینە”ی سەروەریی خەڵكی ڕوسیا ناویبرد.
س: ئەلحوڕە