دەزگای هەواڵگریی عێراق دەستگیرکردنی دوو سەرکردەی ڕێکخراوی داعشی لە ڕۆژئاوای بەغداد ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەنراوێکدا دەزگای هەواڵگری سەربە وەزارەتی ناوخۆ بڵاویکردەوە، کە تیمێکی هەواڵگریی ناوخۆ، دوو ئەندامی ڕێکخراوی چەکداری داعشی دەستگیرکرد بەناوی ئەمیری ویلایەتی فەلوجە بەنازناوی ئەبو ئیسلام و بەرپرسی سەربازیی بەنازناوی ئەبو غوفران لە قەزای ئەبوغرێب ڕۆژئاوای بەغداد.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو دوو “تیرۆریستە” بەتۆمەتی ئەندامبوونیان لە ڕێکخراوی داعش داواکرابوون و لەکاتی دەستگیرکردنیاندا دەستگیراوە بەسەر بۆمبی لکێنراو و بڕێک تەقەمەنیدا.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە ئەو دوو کەسە بەرپرس بوون لە تەقاندنەوەی پایسکلێکی بۆمبڕێژکراو و بۆمبێکی چێنراو کە ڕۆژی 5ی تشرینی یەکەم لە شاری فەلوجە ڕوویداوە و بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک پۆلیس و هاوڵاتی.
مانگی کانونی یەکەمی ساڵی 2017، ھێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتیی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕی سەخت دژبە چەکدارانی ڕێکخراوی داعش، کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشیان ڕاگەیاند کە بە یەک لەسەر سێی خاکی عێراق ھەژماردەکرا کە داعش لە ھاوینی 2014 کۆنترۆڵی کردبوو.