لە ساڵیادی سەپانەندی هێڵی دژە فڕین لە هەرێمی کوردستان کە بووە هۆی دروستکردنی هێڵی 36 ، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ڕایگەیاند، وڵاتەکە پابەندە بە پاڵپشتیکردنی کورد.
لە ساڵیادی دەرکردنی بڕیاری دروستکردنی هێڵی 36 بۆ پاراستنی کوردەکان کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر نوسیویەتی، ” لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی 1991 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یارمەتیدەربوو لە دامەزراندنی نەوای ئارام ئەویش لە رێی سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین لە سەرو هێڵی 36 لە عێراق بۆ دڵنیاییدان لە سەلامەتی گەلی کورد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بە پاڵپشتیکردنی گەلی کورد دوپات دەکاتەوە و بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا”.
لە دوای دەرچوونی بڕیاری ژمارە 688 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دوای کۆڕەوە گەورەکەی کورد لە باشور، لەژێر ڕۆشنای ئەو بڕیارەدا هەریەک لە ئەمریکا و بەریتانیا توانیان دوو هێڵی دژە فڕین لە عێراقدا دروستبکەن، بۆ پاراستنی کورد و شیعەکان لە عێراق و بڕیارەکە وایکرد کە ڕژێمی بەعس نەتوانێت جارێکی دیکە هەڕەشە لەسەر کورد و شیعە دروستبکات.