عێراق ستراتیژێكی نوێ بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی داعش دەگرێتەبەر

چەكدارێكی هێزە ئەمنییەكانی عێراق

بەرپرسانی ئەمنی عێراقی ڕایدەگەیەنن، شێوازێكی نوێ بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی “گروپە تیرۆرستییەكان” دەگرنەبەر كە دەبێتە زامنی ڕێگری لە هاتوچۆ و جموجۆڵی تیرۆرستان لە ناوچە جیاجیاكاندا.

عەبدولوەهاب ساعدی، سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئازار وتی، “ستراتیژ و پلانێك دانراوە بۆ گۆڕینی مامەڵەی دژ بە گروپە تیرۆرستییەكان بۆ ڕێگری لە جموجوڵ و ئەنجامدانی كردەكانیان”.

ئاژانسی هەواڵی عێراقی لەسەر زاری ساعدی وتیشی، “هەماهەنگی لەنێوان هێزی ئاسمانی و فڕۆكەوانی سوپا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە و، زیاتر لە 100 قەناس بڵاوەپێكراون بۆ لەناوبردنی پاشماوەی چەكدارانی داعش”.

باسیشی لە ئۆپراسیۆنی سەربازیی “شێری ئامادە” كرد و وتی، لەو ناوچانە جێبەجێكراون كە گەیشتنی كەرتە ئەمنییەكان پێیان ئەستەمە بەهۆی ئەوەی ناوچەی چڕ و شاخاوییە و بە خاڵی جیاكەرەوەی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری دادەنرێت.

دەربارەی ئۆپراسیۆنەكە لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا یەحیا ڕەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاند، لە 9ی ئازارەوە ئۆپراسیۆنەكە لە زنجیرە چیاكانی مەخمور دەستیپێكردووە و، “بەهۆیەوە 27 تیرۆریستی داعش كوژران”.

ئەوەشی خستەڕوو، “هێزی ئاسمانیی عێراق و فڕۆكەوانیی سوپا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەشداربوون لە هاوكاریكردنی ئەندامانی هێزەكانی دژە تیرۆر لەو ئۆپراسیۆنەدا، 312 هێرشی ئاسمانییان ئەنجامداوە كە بووەتەهۆی لەناوبردنی 120 ئەكشەوت و مۆڵگەی داعش”.

ئەو ئۆپراسیۆنە ماوەی 14 ڕۆژ بەردەوام بووە و وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان ئاشكرایكرد، “هەماهەنگییەكی گەورە هەبووە لەنێوان دەزگای دژەتیرۆر و هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە”.

بابەتی پێشتر

وەزیری دەرەوەی قەتەر گەیشتە هەولێر

بابەتی دواتر

هەولێر.. لە ڕۆژانی نەورۆزدا 92 تاوان و حەوت ڕوداوی هاتوچۆی "مەترسیدار" ڕویانداوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share