ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە سەرۆککۆماری ئێرانەوە پێگەیشت و تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، عەلی زەیدی، ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانەوە پێگەیشت، کە بەبۆنەی ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەت، پیرۆزبایی لێکرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پێداچوونەوە بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕێگەکانی پاڵپشتیکردن و پتەوکردنیان کراوە و هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە داهاتوودا سەردانی یەکدی بکەن.
زەیدی پشتیوانیی عێراقی بۆ دیپلۆماسیەت و دیالۆگ وەک ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان دووپاتکردەوە و جەختی لەوەکردەوە، عێراق دەتوانێت ڕۆڵی نێوەندگیر لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بگێڕێت.